"پێرێز كۆتایی به چاوه‌ڕوانییه‌كان دێنێت و ئه‌م ئه‌ستێره‌یه ده‌كاته جێنشینی كریستیانۆ"
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیسپانیا، پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌درید كۆتایی به چاوه‌ڕوانییه‌كانی هانده‌رانی یانه‌كه‌ی ده‌هێنێت و هاری كه‌ین ده‌كاته جێنشینی كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
به گوێره‌ی پێگه‌ی ئاسی ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌درید ده‌یه‌وێت هاوشێوه‌ی گاریس به‌یل و لوكا مۆدریچ ئه‌مجاره‌یان هاری كه‌ین له تۆتێنهام بڕفێنێت.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه پێرێز ده‌یه‌وێت له هاوینی داهاتوو كۆتایی به چاوه‌ڕوانییه‌كانی هانده‌رانی یانه‌كه‌ی بێنێت و هاری كه‌ین بكاته میراتگه‌ری كریستیانۆ.
هه‌مان سه‌رچاوه، ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، سه‌رۆكی یانه‌ی تۆتێنهام له ترسی ریال مه‌درید ده‌یه‌وێت نرخی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی هاری كه‌ین بۆ 350 ملیۆن یۆرۆ زیاد بكات، به‌ڵام به گوێره‌ی میدیاكانی بریتانیا، ئه‌م یاریزانه له پێناو به‌ده‌ستهێنانی ناسناوه‌كان خواستی رۆیشتنی بۆ ریال مه‌درید هه‌یه.
دوای ئه‌وه‌ی له هاوینی رابردوو كریستیانۆ رۆناڵدۆ ریال مه‌دریدی به‌ره‌و یوڤێنتۆس جێهیشت درزێكی گه‌وره كه‌وتۆته هێڵی پێشه‌وه‌ی ریال مه‌درید و قه‌یرانی گۆڵكردنیان بۆ دروست بووه و ئاستی گاریس به‌یل و كه‌ریم بێنزێما بۆته جێگه‌ی نائومێدی هانده‌رانی یانه‌كه، له‌م پێناوه‌دا پێرێز ده‌یه‌وێت هاری كه‌ین بگوازێته‌وه كه ئه‌م وه‌رزه هێرشبه‌ره‌كه‌ی تۆتێنهام له كۆی 30 یاری ئه‌م وه‌رزه له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان 20 گۆڵ و 6 ئاسیستی هه‌یه.