رۆژنامه‌ی ماركا ریكۆردێكی مێسی به درۆ ده‌خاته‌وه
دوای ئه‌وه‌ی لیۆنێل مێسی كاپتنی بارسێلۆنا به تۆماركردنی ئه‌و تاكه گۆڵی شه‌وی رابردوو له دژی یانه‌ی ئیبار تۆماری كرد ژماره‌ی گۆڵه‌كانی گه‌یانده 400 گۆڵ له لالیگا، به‌مه‌ش بووه یه‌كه‌مین یاریزان له مێژوودا ئه‌م ریكۆرده تۆمار بكات.
رۆژنامه‌ی ماركا له چاپی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، 14 جه‌نیوه‌ری 2019، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه هێشتا مێسی ژماره‌ی گۆڵه‌كانی نه‌گه‌یاندۆته 400 گۆڵ، به‌ڵكوو ته‌نیا 399 گۆڵی هه‌یه.
ماركا نووسیویه‌تی: له وه‌رزی 2012 ـ 2013 له یاری نێوان بارسێلۆنا و ئاتلێتیك بلباو، فێرناندۆ ئاموریبیتا گۆڵێكی به‌هه‌ڵه له‌خۆیان تۆمار كرد، به‌ڵام گۆڵه‌كه به ناوی لیۆنێل مێسی نووسرا.
ماركا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه ماتیۆ لاهوزی ناوبژیوان به‌شێوه‌یه‌كی نادروست و هه‌ڵه له راپۆرته‌كه‌ی خۆیدا گۆڵه‌كه‌ی به ناوی مێسی نووسیوه له كاتێكدا گۆڵه‌كه ئامۆریبیتا تۆماری كردووه.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌ی فه‌رمی رابیته‌ی لالیگا، لیۆنێل مێسی له ئێستادا یه‌كه‌مین یاریزانه 400 گۆڵ له 435 یاریدا له لالیگا تۆمار بكات، مێسی 327 گۆڵی به قاچی چه‌پ كردووه، 58 گۆڵی به قاچی راست و 14 گۆڵ به لێدانی سه‌ر و گۆڵێكیشی به‌ده‌ست تۆمار كردووه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش لیۆنێل مێسی یه‌كه‌مین یاریزانه 159 ئاسیست له لالیگا تۆمار بكات.