یەكێتی: كۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی ئەرێنی بوو

ناڕۆكی كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرا دەكرێت

K24 - سلێمانی

دوای ئەوەی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و چەند پرسێكی دیكە كۆبووەوە، لە راگەیەندراوێكدا ناڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا كرا.

لە راگەیەندراوێكدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرای كرد: "پێشنوەرۆی ئەمرۆ 16/1/2019 كۆبوونەوەی ئاسایی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بە سەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی لە سلێمانی بەرێوەچوو. لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی نێوان لایەنەكان بەتایبەتی یەكێتی ‌و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ حكوومەتی هەرێم هەڵسەنگێندرا. دوایین كۆبوونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ‌و پارتی، كە لە 14/1/2019 بەرێوەچوو بە ئەرێنی وەسفكرا".

لە راگەیەندراوەكەی یەكێتی ھاتووە: "لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا،  تاوتوێ‌ دوایین پێشهاتە سیاسی ‌و ئەمنییەكانی پەیوەست بە كەركووك ‌و عێراق ‌و ناوچەكە كرا. لەبەر رۆشنایی دوا كۆبوونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ‌و پارتی، لە كۆبوونەوەی ئەمرۆی مەكتەبی سیاسی دا، لیژنەیەك پێكهێنرا بۆ دۆخی كەركووك‌ و  پرۆسەی سیاسی ‌و حوكمڕانی لە بەغدا‌و چارەسەركردنی كێشەكان‌و كاری پێكەوەیی بۆ ئایندە".

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوای ئەوەدێت رۆژی 14/1/2019 شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پرسەكانی كەركووك و بەغدا كۆبوونەوە.