خاڵه گومرگييه‌كانى نێوان هه‌رێم و عێراق هه‌ڵده‌گيرێن
K24 – هه‌ولێر:
حكومه‌تى عێراق رايگه‌ياند، له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گه‌يشتووه‌ته رێككه‌وتن سه‌باره‌ت به يه‌كخستنى سيستمى گومرگ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خاڵه گومرگييه‌كانى نێوان هه‌ردوولا.
وه‌زاره‌تى دارايى عێراق، له به‌ياننامه‌يه‌كدا رايگه‌ياند، ليژنه‌ى ئابوورى بڕياريداوه سيستمى گومرگ له‌سه‌رجه‌م ده‌وازه سنوورييه‌كان يه‌كبخات و باج و جۆر و چۆنايه‌تى كاڵاى هاورده‌كراو يه‌كبخات.
هه‌روه‌ها هاتووه: ليژنه‌كه بڕياريداوه سه‌رجه‌م خاڵه‌كانى چاودێرى و به‌دواداچوونى گومرگى كه ئێستا له نێوان كه‌ركووك و سلێمانى له لايه‌ك و كه‌ركووك و هه‌ولێر له لايه‌كى ديكه‌وه دانراوون، هه‌ڵبگيرێن.
هه‌روه‌ها ليژنه‌كه بڕياريداوه، رێككاره‌كانى بازرگانى ئاڵتوون و كانزا گرانبه‌هاكان يه‌ك بخات و وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ش پابه‌ند كراوه به‌وه‌ى له سه‌رجه‌م ده‌روازه سنوورييه‌كان به گوێره‌ى ياسا كار بكات.
به گوێره‌ى به‌ياننامه‌كه، ئه‌و بڕيارانه له‌و كۆبوونه‌وه‌يه دراوون، كه به سه‌رۆكايه‌تى جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران بۆ كاروبارى دارايى و وه‌زيرى دارايى و به به‌شدارى وه‌زيرانى پلاندانان، بازرگانى و پيشه‌سازى و كشتوكاڵ، هه‌روه‌ها به ئاماده‌بوونى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى نيشتمانى وه‌به‌رهێنان، راوێژكارى ئابوورى سه‌رۆك وه‌زيران، نوێنه‌رى وه‌زيرى نه‌وت، وه‌زيرى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێم، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌روازه گشتييه‌كان، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گشتى گومرگ، ژماره‌يه‌ك له راوێژكار و به‌ڕێوبه‌ره گشتييه‌كان به‌ڕێوه‌چوو.