"ئێران و ئه‌مه‌ریكا له عێراق رووبه‌ڕووی یه‌كتری ده‌بنه‌وه"
K24 - هه‌ولێر:
گرووپی قه‌یرانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌باره‌ی گۆڕینی عێراق بۆ مه‌یدانی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئێران هۆشداریی ده‌دات. ئه‌وه له كاتێكدایه عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق هه‌وڵی كپكردنه‌وه‌ی ره‌خنه تونده‌كان ده‌دات له بوونی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له عێراق، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن گرووپه چه‌كداره میلیشیاكانی نزیك له ئێران و گوتوویه‌تی 25% هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ساڵی 2018 له عێراق كشاونه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی گرووپی قه‌یرانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له حاڵه‌تی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران‌دا له‌و وڵاته، عێراق تووشی بارگرانییه‌كی گه‌وره ده‌بێت.
گرووپی قه‌یرانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌دوای رێگایه‌ك ده‌گه‌ڕی بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له‌و جه‌نگه بگیرێت و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا دیداری له‌گه‌ڵ به‌رپرسان له سه‌رانسه‌ری جیهان ئه‌نجامداوه و به‌رپرسی ئێرانیشیان تێدایه. ئه‌وه‌ش له پێناو ئاماده‌كردنی راپۆرتێكی تێروته‌سه‌ل له‌باره‌ی ره‌وشی ناوچه‌كه پاش كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی كه ساڵی 2015 ئێران له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان واژۆی له‌سه‌ر كردبوو.
گرووپی قه‌یرانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێیوایه "پێویسته ئێران پابه‌ندی رێككه‌وتننامه‌كه بێت و ئاكارییانه مامه‌ڵه بكات و ده‌شتوانێت چاوه‌ڕوان بێت تا بزانێت له هه‌ڵبژاردنی ساڵی داهاتووی ئه‌مه‌ریكادا چاره‌نووسی دۆناڵد تره‌مپ چی به‌سه‌ر دێت".
به‌گویره‌ی تویژینه‌وه‌كه، ئه‌گه‌ری هه‌یه حیساباته‌كانی ئێران گۆڕانیان به‌سه‌ردا بێت ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئه‌و وڵاته زیاتر دابه‌زێت له كاتێكدا ساڵی 2017 (3.8) ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه هه‌نارده كردووه و بۆ 700 هه‌زار به‌رمیل دابه‌زیووه، ئه‌وه‌ش ئاستی هه‌ڵاوسان زۆر زیاتر ده‌كات. هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی زیادبوونی ناڕه‌زایه‌تی ناوخۆیی، هه‌ر چه‌نده تا ئێستا حكوومه‌تی ئێران توانیوویه‌تی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات".
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێران بڕیاریدا تۆڵه له ئه‌مه‌ریكا بكاته‌وه، گرووپی قه‌یرانه نێوده‌زوڵه‌تییه‌كان وای ده‌بینێ "ئه‌وكاته تاران په‌نا بۆ بریكاره نموونه‌ییه‌كانی ده‌بات له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌وه‌ش ئه‌و ئاراسته نادیاره‌یه كه وا ده‌كات ئه‌وروپا له كاردانه‌وه‌ی به‌ھێز خۆی به دوور بگرێت".
راپۆرته‌كه له زاری به‌رپرسێكی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێرانه‌وه ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ری هه‌یه شوێنی نمایشی شانۆگه‌رییه‌كه‌ی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، عێراق بێت، چونكه میلیشیا شیعه‌كان په‌یوه‌ندی به‌تینیان له‌گه‌ڵ تاران هه‌یه".
ئه‌و به‌رپرسه ئێرانییه گوتوویه‌تی: "عێراق ئه‌و شوێنه‌یه شاره‌زایمان تێیدا هه‌یه، توانای ره‌تكردنه‌وه‌و لێدانی ئه‌مه‌ریكای تێدایه بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه ئه‌و ئاسته‌ی راسته‌وخۆ به‌رپه‌رچیان بده‌ینه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئێران به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره تێكه‌ڵی سووریا و لوبنانیش بووه، به‌ڵام ره‌وشه‌كانیان ناجێگیره و تاران ده‌ستكه‌وته‌كانی كه‌مبوونه‌ته‌وه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئێران توانایه‌كی سنوورداریشی بۆ جووڵه‌كردن له ئه‌فغانستان هه‌یه، به‌ڵام زیادكردنی پاڵپشتیی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن، زیاتر زیان له سعوودیه ده‌دات نه‌ك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا".
له‌وچوارچێوه‌یه‌دا رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكردبووه‌وه كه "جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا، پرسیاری له باره‌ی بژاره‌كانی تێسره‌واندنی گورزی سه‌ربازی له ئێران كردووه. ئه‌و پرسیاره‌شی پاش هێرشی گرووپێكی سه‌ر به تاران كردووه كه رۆژی 7/9/2018 به هاوه‌ن په‌لاماری ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدایان دا و باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكاش له‌و شوێنه‌یه و گووتی: "باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا ئامانجی هێرشه‌كه بووه"، له هه‌مان رۆژیشدا به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌رییه‌كان له خراپی ره‌وشی ئابووری و گوزه‌رانیان، كونسوڵخانه‌ی ئێران له شاری به‌سره له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه سووتێنرا".
دوای سه‌ردانه نهێنییه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ عێراقیش، گرووپه چه‌كداره شیعه‌كان، مشتومڕێكی زۆر كه‌وتووه‌ته ناویانه و داوا له حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن خشته‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ھێزه بیانییه‌كان دیاری بكرێت. ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه پاش سه‌پاندنی قۆناغی دووه‌می گه‌مارۆكانی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌ر ئێران‌دا، ململانێكانیان توندتر و ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان واشنتن و تاران زیاتر بووه.