كه‌جه‌كه‌: عه‌فرین رزگار ده‌كه‌ین

"رووسیا عه‌فرینی فرۆشت"

كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە" دووپاتیدەكاتەوە، خەباتی رزگاركردنی عەفرین دەستپێدەكەن و ئاماژەش بەوە دەكات، رووسیا لە بازاڕێكی بۆگەندا عەفرینی بەرامبەر غووتا فرۆشت.

ھاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەرێوەبەری كۆما جڤاكێن كوردستان "كەجەكە"، لە ساڵوەگەری ھێرشەكانی سەر عەفریندا رایگەیاند: "گەلی رۆژئاوای كوردستان بەرامبەر داگیركردنی عەفرین ھەزاران شەھیدی داوە. ئاماژە بەوەش دەكات، عەفرین رزگار دەكرێت و  ئەركی سەر شانیان بەجێ دەگەیەنن و خەباتی رزگاركردنەوەی عەفرین دەستپێدەكەن".

كەجەكە دەشڵێت: "ئەمریكا و رووسیا و نەتەوە یەكگرتووەكان بینەری داگیركردنی عەفرین بوون و ھیچ كارێكیان نەكرد بۆ رێگرتن لە داگیركردنی شارەكە. دەشڵێت، رووسیا لە بازاڕێكی گەنیودا عەفرینی بەرامبەر غووتا فرۆشت و ئێستا توركیا شارەكەی داگیركردووە و وەك خاكی خۆی مامەڵە لەگەڵ عەفرین دەكات".

ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا سوپای توركیا و ئه‌و میلیشیا چه‌كدارانه‌ی سووریا كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ پاڵپشتیان ده‌كات، ھێرشیان بۆ سه‌ر عه‌فرین و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌ستپێكرد و دوای نزیكه‌ی دوو مانگ شه‌ڕ و پێكدادان شاره‌كه‌یان داگیر كرد.