دووباره‌ كردنەوەی وردبینی له‌ لیستی فه‌رمانبه‌ران ره‌تده‌كرێته‌وه‌

"كاتی خۆی رازی بووین لەسەر ئەو پرسە، بۆ ئەوەی نیەت پاكی خۆمان نیشان بدەین"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناکەن جارێکی دیکە بەغدا داوای وردبینی لە لیستی ناوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا بکات.

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان دەڵێ "ناکرێت هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک تاوانبار ببینرێت و لیژنەی بۆ بهێندرێت"، هاوکات پەرلەمانتارێکی عێراقیش ئاشکرای دەکات "بەپێی رێککەوتنی سەرەتایی بەغدا ئەمساڵ مانگانە 520 ملیار دینار بۆ مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران دەنێرێت".

لای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا گەورەترین کێشە کە لە چاوەڕوانی چارەسەریی دا بێت کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە کە چەندین ساڵە بەهۆی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغداوە راگیراوە و هەموو ساڵێکیش دەبێتە مایەی قسە و باسی ھەردوولا، بەجۆرێک لەم دواییانەدا بەغدا ئاماژەی بەوەدا کە رەنگە دووبارە داوای وردبینی لە لیستی ناوی فەرمانبەران بکاتەوە.

لەوبارەوە دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "كەس داوای شتی وای نەكردووە و ھیچ پێویستیش نییە، ئێمە بەرپرسیارین لە بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە، كاتی خۆی ئێمە رازی بووین لەسەر ئەو پرسە، بۆ ئەوەی نیەت پاكی خۆمان نیشان بدەین، ھەروەھا خەڵك وا لێكی نەداتەوە كە ئێمە پرسێكی وامان كردووەتە بەھانە، بۆ ئەوەی بەغدا بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان نەدات".

پەرلەمانتارێكی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئێستا کورد دەیەوێ بودجە و مووچەی فەرمانبەران بخاتە دەرەوەی ئەو ناکۆکیانەی کە لە هەموو ساتێکدا رەنگە لە نێوان هەولێر و بەغدا سەرھەڵبدەنەوە.

بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی دەڵێت: "ساڵانی پێشووتر گەورەترین كێشەی ئێمە ئەوە بوو، بڕگەیەك ھەبوو كە ئەگەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پابەند نەبێت بە ناردنی نەوت بۆ كۆمپانیا سۆمۆ، ئەوا حكوومەتی عێراق پابەند نابێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام ئێستا وامان كردووە كە ئەو بڕگەیە جیاوازبێت، لەو چوارچێوەیەدا ئومێدمان ھەیە ئەمساڵ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان بنێردرێت".

گوتیشی: "ئەوەی ئێستا ئێمە پێی گەیشتووین بڕی 521 ملیار دینار لە جیاتی 317 ملیارەكەی پێشوو مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەران و ھێزی پێشمەرگە دەنێردرێت بۆ ھەرێمی كوردستان".