لە ھەولێر باندێكی بازرگانیكردن بە مادەی ھۆشبەر دەستگیر كرا

"چەندین بەڵگە لە خانووەكە گیراون"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە شاری ھەولێر چەند كەسێك بە تۆمەتی مامەڵەكردن بە مادەی ھۆشبەر لەناو خانووێك دەستگیر كران و یەكێك لە تۆمەتبارەكان ژنە.

ھێرۆ مەولودی، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ ھێزەكانی پۆلیس ئاگادار كراونەتەوە كە لەناو خانووێك لە كەسنەزان مادەی ھۆشبەر ھەیە، كە ھێزەكانی پۆلیس چوونەتە شوێنەكە دوو كەس لەو خانووە بوونە و دەستگیركراون، بەڵام ھێشتا روون نەكراوەتەوە ئەو دوو كەسە مادەی ھۆشبەریان بەكارھێناوە یان بازرگانیان پێوەكردووە".

عەبدولخاڵق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "دوای ئەوەی ھێزەكانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی مەبەست و دەستیان بەسەر ئەو خانووە داگرت و چەند كەسێك دەستگیر كران و  بڕێك مادەی ھۆشبەر و چەك و پارە و كەلوپەلی بەكارھێنانی مادەی ھۆشبەر لە خانووەكە دەستی بەسەرداگیراوە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر گوتیشی: "لەناو خانووەكەدا ھەم مادەی ھۆشبەر بەكارھێنراوە لە شەوان ھەمیش مامەڵەی پێوەكراوە، لەو خانووەدا دەفتەرێك ھەیە تێیدا ناوی ئەو كەسانە ھەیە كە مادەی ھۆشبەریان لێ كڕیون".