ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ده‌ست به‌كاره‌كانی ده‌كات

"گەندەڵی و تیرۆر یەكسانن"

K24 - هه‌ولێر:

عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرایكرد، دانانی ئەنجوومەنێكی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە قۆناخەكانی كۆتاییدایە، كە ئامانج لێی، رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكارانە لەسەرجەم بوارەكاندا. گوتیشی، گەندەڵی و تیرۆر یەكسانن.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گووتی: "لە ھەفتەی رابردوو باسمان لەوەكرد كە دەستمانكردووە بە دانانی ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لە راستیدا ئێستا سەرجەم رێوشوێنەكانی ئەنجوومەنەكە تەواوبوون و خەریكە خاڵەكانی كۆتایی دەخەینە سەر پیتەكان".

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "رۆژی شەممە یاخود یەكشەممەی داھاتوو، چۆنیەتی كاركردنی ئەم ئەنجوومەنە رادەگەنین، كە بە بڕوای ئێمە چارەسەری زۆربەی بوارەكانی گەندەڵی و گرتنەبەری رێكاری خێرای پێویستیش دەكات، ئەمە ئامانجی ئەنجوومەنەكەیە كە بتوانێت تەواوی حاڵەتەكە كۆنتڕۆڵ بكات، ھەروەك چن پێشتریش گوتوومانە گەندەڵی ھەروەك تیرۆر وایە، گەندەڵی ھەروەك داعشە".