له‌ رۆژئاواى كوردستان درووستكردنى ناوچه‌ى ئارام له‌ لايه‌ن توركياوه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌

ده‌بێت له ‌ژێر چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بێت
kurdistan24.net

K24 – قاميشلۆ:

لایه‌نه‌كانی رۆژئاوای كوردستان درووستكردنی "ناوچه‌ی ئارام" له‌ژێر چاودێری توركیا ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر له‌ داهاتوو "ناوچه‌ی ئارام" له‌ سووریا دروست بكرێت، ده‌بێت له ‌ژێر چاودێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بێت.

دروستكردنی "ناوچه‌ی ئارام"، پێشتر له‌ لایه‌ن ئه‌مریكا و توركیاوە پشتيوانى لێكراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر میكانیزمی درووستكردنه‌كه‌ی ناكۆكن. 

پێشتر سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا، دۆناڵد تره‌مپ له‌ رێگه‌ى تويتێكه‌وه‌ رايگه‌ياندبوو، پێويسته‌ "ناوچه‌يه‌كى ئارام" به‌ قوڵايى 20 ميل له‌ باكوورى سووريا درووست بكرێت و ئه‌و پێشنيازه‌ش له‌ لايه‌ن توركياوه‌ پێشوازى لێكرا، به‌ڵام توركيا ده‌يه‌وێت ناوچه‌كه‌ له‌ ژێر هه‌ژموون و كۆنترۆڵى خۆيدا بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياندووه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا،  هاووڵاتییان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی منبج دووپاتیی ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ درووستكردنی ناوچه‌ی ئارام له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی توركیا قبووڵ ناكه‌ن و ده‌شڵێن: ئه‌وان ئێستا به‌ ئارامی و له‌ سه‌قامگیریدا ده‌ژین.