سائیروون داوای کردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

داوای پێداچوونەوە بە رێككەوتنامەكەی نێوان عێراق و ئەمەریکا دەكات

K24 – هه‌ولێر:

ھاوپەیمانی سائروون داوای پێداچوونەوە بە رێككەوتنی سترایژی نێوان عێراق و ئەمەریكا دەكات.

ئەسعەد عەبدولسادە، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی سائروون بە سایتی بەغداد ئەلیەوم (بغداد الیوم) رایگەیاندووە، ھاوپەیمانێتییەكەیان، رێككەوتنی ستراتیژی ساڵی 2010ی نێوان عێراق و ئەمەریكا رەتدەكاتەوە و داوای پێداچوونەوە بە رێككەوتنامەكە دەكات.

پەرلەمانتارەكەی سائیروون دەشڵێت: "ھیچ وادەیەك بۆ دەرچوونی ھێزەكانی ئەمەریكا لە رێككەوتننامەكەدا نیە، بۆیە پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بكرێت و لەماوەیەكی نزیكدا ئەو ھێزانە عێراق بەجێبێڵن".

ئەم هەوڵەی سائیروون لە کاتێکدایە، چەند پەرلەمانتارێکی عێراق، پڕۆژەیەکیان بۆ کردنە دەرەوەی هێزە "بیانییەکان" لە عێراق ئامادە کردووە و دەیانەوێت لە رێگای ئەو پڕۆژەیە، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق وەدەرنێن.

پێچەوانەی سووریا، هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق پێگەکانی خۆیان قایمتر دەکەن و بنکە سەربازییەکانیان فراونتر دەکەن، ئەمەش نارەزایی بەشێک لە هێزە شیعییەکانی لێکەوتووەتەوە.

‌H.J