سه‌رۆك بارزانی: كوردستان وڵاتی هەمووانە و نابێ كەس كریستیانەكان هانبدات وڵاتی خۆیان جێبهێڵن

پاتریاك مار ئەگناتیۆس ئەفرامی دووەم سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێم ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆك مه‌سعوود بارزانی، ڕۆشنایی ده‌خاته‌ سه‌ر ئازار و نەهامەتییەكانی ماوەی ڕابردوو كه‌ بەسەر كریستیانەكان و خەڵكی كوردستاندا هاتووە و دووپاتی ده‌كاته‌وە كە كوردستان وڵاتی هەمووانە و نابێ كەس هانی كریستیانەكان بدات وڵاتی خۆیان جێبهێڵن گوتوویه‌تی: "ئێستا لە قۆناغی دوای نەمانی تیرۆر پێویست دەكات كولتووری پێكەوەژیان و برایەتی قووڵتر ببێتەوە".

ئه‌مڕۆ شەممە 26/1/2019 سەرۆك مەسعود بارزانی لەگه‌ڵ شاندێكی سەرۆكایەتیی تاییفەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە كوردستان و پارێزگای نەینەوا و عێراق، بە سەرۆكایەتیی قەداسەتی پاتریاك مار ئەگناتیۆس ئەفرامی دووەم، پاتریاكی ئەنتاكیا و تەواوی ڕۆژهەڵات و سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە جیهان و شاندێكی یاوەری كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك مەترانی كەنیسەی ئەرتۆدۆكس. مەترسییەكانی تیرۆر و هزری توندڕۆیی و بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و چه‌ند تەوەرێكی دیكەیان تاوتوێ كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمیان كرد لە پاراستنی پێكهاتەكان و كریستیانەكانی كوردستان لە ڕۆژە سەختەكاندا. هه‌روه‌ها پێزانینیان هەبووه‌ بۆ حەواندنەوە و پەنادانیان لە هەرێمی كوردستان. وێڕای ئاماژەپێدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی كریستیانەكانی كوردستان و خەڵكی كوردستان، جەختیان لە پێكەوەژیان و چارەنووس و ئاییندەی هاوبەشی گەلی كوردستان و پێكهاتەكانی كردەوە.