غه‌فوور مه‌خمووری له‌ ئوردنه‌وه‌ رۆڵى سەرۆک بارزانى وەک رێبەرى گەلى کوردستان ده‌خاته‌ روو

كتێبی (مسعود البارزاني ... رمزاً للپێشمەرگایەتى والمقاومة القومية) بڵاوده‌كاته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان (YNDK)، له‌ ئوردنه‌وه‌ رەوشى سیاسى كوردستان شیده‌كاته‌وه‌و رۆڵى سەرۆک مەسعوود بارزانى وەک رێبەرى گەلى کوردستان لە ئێستاو داهاتوودا ده‌خاته ‌روو.

 له‌ كۆڕه‌ سیاسییه‌كه‌دا كه‌ ئێواره‌ی ڕۆژى 26/1/2019 لە عەمانی پایتەختی ئوردن به‌ڕێوه‌چووه‌، ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی سياسى و ئەكادیمی و نووسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەڤان ئاماده‌ی بوون و لەژێر ناوی (رەوشى سیاسى كوردستان و رۆڵى سەرۆک مەسعود بارزانى وەک رێبەرى گەلى کوردستان لە ئێستاو داهاتوودا) رێكخرابوو.

غه‌فوور مه‌خمووری، پوختەیەکى سەبارەت بە رەوشى سیاسى کوردستان خستووه‌تە روو و باسی لە گرنگى رۆڵى سەرۆک مەسعود بارزانى وەک رێبەرى گەلى کوردستان لە قۆناخى ئێستا و داهاتووى خەباتى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان کردووه‌.

 سكرتێری گشتیی YNDK، له‌ باسى رەوشى سیاسى کوردستان دا گووتی: "پرسى گەلى کوردستان لە پێشڤەچوونێکى بەردەوامدایە و قۆناخى پێشووى دەربازکردووەو بۆتە پرسێکى جیهانى و لە چوارچێوەى سنوورى دەستکردى "عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا" دەرچووە، هەموو جیهان بە بایەخەوە مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکەن، ئەمەش مایەى خۆشحاڵى و هەنگاونان بەرەو دواڕۆژێکى گەشە".

سەبارەت بە پرسى ریفراندۆمیش رایگه‌یاندووه‌: "سەرۆک مەسعوود بارزانى بە راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى کوردستان گەیشتنە ئەو باوەڕەى کەوا بۆ پاراستنى کوردستان و بەرگرتن لە پیلانەکان، بە پشتبەستن بە پرەنسیپى "مافى چارەنووس" و بنەماکانى "مافى مرۆڤ" بڕیارى ئەنجامدانى ریفراندۆم بدەن، بۆئەوەى گەلى کوردستان بڕیارى خۆى بدات".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "بێگومان لە مێژووى ژیانى سیاسى سەرۆک مەسعوود بارزانى، یەکێک لە کارە هەرە باشەکانى کە جێگەى شانازییە ئەنجامدانى ریفراندۆمە". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ "ئەنجامدانى پرۆسەى ریفراندۆم سەرکەوتوو بوو، بێ کێشە بە ئەنجام گەیشت و زۆربەى هەرەزۆرى گەلى کوردستان بە تەواوى پێکهاتەکانەوە بە جۆش و خرۆشەوە روویان لە سندۆقى دەنگدان کردو گەل بە رێژەى 97.73% دەنگیان بۆ سەربەخۆیى کوردستاندا، ئەمەش گەورەترین سەرکەوتن بوو بۆ گەلى کوردستان و پرۆسەى ریفراندۆم".

مەخموورى ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، لە پرۆسەى ریفراندۆمدا، سەرۆک بارزانى و گەلى کوردستان زۆر باشتر دۆست و دوژمنەکەکانیان ناسى، لێرەدا دەبێ ئەوە بزانین کەوا سەرۆک مەسعوود بارزانى لەسەر ئاستى ناوخۆو ناوچەیى و نێودەوڵەتى خیانەتى لێکراوه‌".

سەبارەت بە رۆڵ و ئەرکى سەرۆک مەسعوود بارزانى وەک رێبەرى گەلى کوردستان لە ئێستاو داهاتووى کوردستان، غه‌فوور مه‌خمووری به‌ ئاماده‌بووانی گوتووه‌: "ئێستایش دواى ئەوەى کەوا جەنابى بارزانى رازینەبوو پەرلەمانى کوردستان ماوەى سەرۆکایەتى بۆ درێژبکاتەوە، لەم کاتەدا وەک رێبەرى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان دەمێنێتەوەو دەتوانێت هەنگاوى گرنگ بۆ گەیاندنى گەلى کوردستان بە کەنارێکى ئارام بنێت. سەرۆك مەسعوود بارزانی لەناو كایەی سیاسی كوردستان وەكو رێبەر و مەرجەعى باڵاى گەلى کوردستان دەمینێتەوە، بێگومان كەسایەتی كاریزمی سەرۆک بارزانی چۆن لە رابردوو و لە ئێستادا کاریگەرى هەبووە لەداهاتووشدا كاریگەری زیاترى خۆی دەبێت".

غەفوور مەخمووری داوای لە رۆشنبیرانی ئوردن كرد، هاوكارو پشتیوانی گەلی كوردستان بن و رێز لە قوربانیدانی نەتەوەی كورد بگرن و گوتوویه‌تی: "پێویستە رۆشنبیرانی عەرەب خوێندنەوەی دروستیان بۆ پرسی كورد هەبێت و بە ئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. هەروەها بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو كارەساتانەی بەسەر كوردا هاتوون تەنها سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كورستان زامنی دووبارەنەبوونەوەی ئەو كارەساتانەن، بۆیە پێویستە هەموو لایەك هاوكارو پشتیوانی كورد بن بۆ ئەم مەبەستە".

دوای ئەوەی مەخمووری بابەتەكەی پێشكەشكرد، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان كرایەوەو  ژمارەیەكی زۆر لە ئامادەبووان بەگرنگییەوە باسیان لە بابەتەكە كرد، لەوانە بیرمەندى عەرەب د. مونزر حەوەرات، باڵیۆز د. فاروق العزە، پەرلەمانتار حەمادە فراعنە، رۆژنامەنووس عەونى داود جێگرى سەرنووسەرى "الدستور" و چەند کەسایەتییەکى دیکەش بیروڕاو سەرنجی خۆیان خستەڕوو.

دوای تەواوبوونی كۆڕەكە رێوڕەسمێك بۆ ئیمزاكردنی كتێبی (مسعود البارزاني ... رمزاً للپێشمەرگایەتى والمقاومة القومية) لە نووسینی غەفوور مەخمووری سازكراو كتێبەكەی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد.