بۆردومانكردنى باره‌گاكانى په‌كه‌كه‌ له‌ لايه‌ن توركياوه‌ كاردانه‌وه‌ى لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌

بە بیانووی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانیان بۆردومانی خاكی هه‌رێم دەكەن
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

سەبارەت بە ھێرشەكانی توركیا بۆ سه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ ناو خاكی ھەرێمی كوردستان لەو ناوچانە و گەیاندنی زیانى گيانى و ماددى و گیانلەدەستدانی ھاووڵاتیانی هه‌رێمى كوردستان، نووسەرێكی شارەزا لە بواری توركیا لەو بڕوایەدایە، كە نابێت بەغدا لەم بارەیەوە بێدەنگ بێت و دەبێ بێتە سەر خەت و چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت: دەبێت پلان و ھەماھەنگی بێت لە نێوان ھەر 3 حكومەتی ھەرێم و بەغدا و توركیا.

چەندین ساڵە وڵاتانی درواسێى ھەرێمی كوردستان بە بیانووی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانیان بۆردومانی خاكی هه‌رێم دەكەن و جیا لە زیانی ماددی، سەدان ھاووڵاتیش بوونەتە قوربانی و گیانیان لە دەست داوە.

لە دوایین ھێرشی فڕۆكه‌كانی توركیاش لە چەند رۆژی رابردوودا لە شیلادزێ جیا لە زەرەری ماڵی چەندین ھاووڵاتیش گیانیان لە دەستداو، ئه‌مه‌ش توڕەیی و بێزاری هاوڵاتیانی به‌ دوای خۆیدا هێنا.