وه‌زاره‌تى دارايى ره‌شنووسێكى بۆ بودجه‌ى ئه‌مساڵى هه‌رێم ئاماده‌ كردووه‌

تا ئێستا نەیناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

پەرلەمانتارێك زانیاری لەبارەی ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بوودجەی 2019ی ھەرێمی كوردستان ئاشكرا كرد و رايگه‌ياند، وەزارەتی دارایی رەشنووسێكی بۆ پرۆژە یاسای بوودجەی 2019ى ھەرێمی كوردستان ئامادەكردووە، بەڵام تا ئێستا نەیناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

پەرلەمانتاران پێشبینیش دەكەن ئەگەر پەلە نەكرێت لە ناردنی پرۆژە یاساكە بۆ پەرلەمانی كوردستان، دوورنیە ئەمساڵیش ھەرێمی كوردستان بەبێ یاسای بوودجە بمێنێتەوە.

ھەرێمی كوردستان چوار ساڵی رابردووی بەبێ یاسای بوودجە بەڕێكرد، بیانووی حكومەت بۆ نەبوونی یاساكە، نەناردنی بەشە بوودجەی ھەرێمی كوردستان بوو لەلایەن بەغداوە، بۆ ساڵی 2019 ش حكومەت چاوەڕێبوو ئاخۆ لە بوودجەی 2019ى عێراق پشكی ھەرێمی كوردستان چەند دەبێت.

عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌و باره‌يه‌وه‌ گوتى: ئێستا ئەو رێژەیە دیارە كە بەغدا دەیەوێ مانگانە بینێرێت، بۆیە پێویستە بۆ ئەمساڵ یاسای بوودجە ئامادە بكرێت.

كوردستان24 ھەوڵیدا لە وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە زانیاری لەبارەی ئامادەكردنی پرۆژە یاساكە وەربگرێت، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

رێكارەكانی دەركردنی یاسای بوودجەش بەو جۆرەیە، كە دەبێت وەزارەتی دارایی پرۆژە یاسایەك بۆ ئەم مەبەستە دیاریبكات و بینێرێتە ئەنجوومەنی وەزیران، دوای پەسند كردنی لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ بۆ پەرلەمانی كوردستان و لەوێوە خوێندنەوەی بۆ دەكرێت.