سه‌رۆك بارزانی نیگه‌رانیی خۆی له‌ دۆخی رۆژئاوای كوردستان گه‌یانده‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا

یه‌كێتی ئه‌وروپا ئاماده‌یی خۆی بۆ هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی یەكێتیی ئەوروپا كرد كە پێكهاتبوو لە جێن كریستۆڤ بێڵاڕد جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری سیاسی و ڕامۆن بلیكۆ باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و كلاریس پاسۆری بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوروپا لە هەولێر.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی، له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، ئه‌مڕۆ چوارشەممە 30ـی 1ـی 2019 لە سەلاحەددین, بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان تاووتوێ كرا.

جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری سیاسی وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵ و پێگەی سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئەوەی خستەڕوو كە كەشێكی ئیجابی لە نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و یەكێتیی ئەوروپا سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و باشتربوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا بەلاوە گرنگە.

پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان جێگری ئەمینداری گشتیی یەكێتی ئەوروپا بۆ كاروباری سیاسی ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان لەسەر ڕێگەیەكی دروست هەنگاو دەنێت و هیوای خواست كە هەرێم ببێتە نموونەیەك بۆ شوێنەكانی دیكه‌ی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

جەختیشی لەوە كردەوە كە یەكێتیی ئەوروپا ئامادەیە بۆ یارمەتیدان و هاوكاری و پێدانی ڕاوێژ بە هەرێمی كوردستان لەبوارەكانی كارگێڕی و چاكسازی و داراییدا.

هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ئاساییشی ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە قوربانیدانی خەڵكی كوردستان لە شەڕی تیرۆر ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەوە پێشمەرگە بوو كە بە قارەمانێتی و گیانفیدایی ئەفسانەی داعشی شكاند.

رایشیگەیاند داعش لەڕووی سەربازییەوە تێكشكاوە, بەڵام مەترسییەكانی لە عێراق و سووریادا هەر ماوە.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و ئاییندەی گەلی كورد لەو وڵاتە و سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی لەبارەی ئاییندەی كورد و هەروەها بۆچوون و پێشنیارەكانی لەبارەی چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشەكانی گەلی كورد لە سووریا و پێشهاتە تازەكان بە شاندی میوان گەیاند.

ئ. م