لایه‌نه‌كان داوا له توركیا و په‌كه‌كه ده‌كه‌ن ناكۆكییه‌كانیان ببه‌نه‌وه ناو خاكی وڵاته‌كه‌یان
K24- هه‌ولێر:
دوای رووداوه‌كانی شیلادزێ، كه تێیدا چه‌ند هاوڵاتییه‌ك بوونه قوربانی، لایه‌نه سیاسییه‌كان داواده‌كه‌ن چیدیكه په‌كه‌كه بیانو نه‌داته ده‌ست توركیا، بۆئه‌وه‌ی خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆردومان بكات.
یه‌كێتی نیشتیمانی داوا ده‌كات چیدیكه په‌كه‌كه غه‌در له خاك و خه‌ڵكی كوردستان نه‌كات، رێباز بێركۆتی، كادری پێشكه‌وتووی ئه‌و حیزبه‌ش جه‌خت ده‌كاته‌وه، "پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم به‌دیاریكراویش پارتی و یه‌كێتی به یه‌ك فۆڕم مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبانه بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ی خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ هێرشكردنه سه‌ر وڵاتانی دراوسێ به‌كارنه‌هێنن".
بێركۆتی داواشی له په‌كه‌كه كرد، "چیتر غه‌در له خاك و خه‌ڵكی كوردستان نه‌كات و ره‌فتاره‌كانی نه‌بنه هۆی قوربانیدانی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان".
هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته توركیا و عێراق رێز له سه‌روه‌ری خاكی وڵاتانی یه‌كتر بگرن و پابه‌ندی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بن"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "هه‌موومان له هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه داوامان كردووه كێشه‌ی نێوان توركیا و په‌كه‌كه به ئاشتیانه چاره‌سه‌ر بكرێت".
بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیش له‌زاری وته‌بێژه‌كه‌یانه‌وه داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌كه‌كه و توركیا ده‌كات بۆ مێزی گفتوگۆ و داواش ده‌كه‌ن هه‌رێمی كوردستان نه‌كرێته گۆڕه‌پانی ململانێی توركیا و په‌كه‌كه.
عه‌بدوڵڵا وه‌رتی، وته‌بێژی ئه‌و حیزبه ده‌ڵێت: "ئێمه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه، كه ناكرێت هه‌رێمی كوردستان بكرێته گۆڕه‌پانی ململانێی لایه‌نه ناكۆكه‌كان، بۆئه‌وه‌ی چیتر خه‌ڵكی بێ‌تاوان و سڤیل نه‌بنه قوربانی ئه‌و ململانێیانه، چونكه ئێمه به درێژایی 27 ساڵی رابردوو ئه‌زموونمان هه‌یه، كه ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیانی ناوچه سنوورییه‌كان له بۆردومانه‌كاندا بوونه‌ته قوربانی".
دووپاتیشیكرده‌وه، "بۆئه‌وه‌ی چیتر خه‌ڵكی بێ‌تاوان نه‌بێته قوربانی، داوا له‌و لایه‌نانه ده‌كه‌ین ناكۆكییه‌كانیان ببنه‌وه ناو خاكی وڵاته‌كه‌یان".
دووای رووداوه‌كه‌ی شیلادزێ كه ته‌نها قوربانیان هاوڵاتیانی ئه‌و سنووره بوون، داواده‌كرێت, په‌كه‌كه خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ مه‌رامی سیاسی خۆی به‌كار نه‌هێنێت و بیانو نه‌داته ده‌ست سوپای توركیا بۆ بوردوومانكردن و زیانگه‌یاندن به‌خاك و خه‌ڵكی كوردستان.
H.B