پێكهاته‌ی توركمان داوای یه‌كێك له‌ جێگره‌كانی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی كوردستان ده‌كات

ئایدن مه‌عروف: ده‌مانه‌وێت له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كاندا به‌شدار بین
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

لایەنە توركمانەكان و بەتایبەت حزبی بەرەی توركمانی داوادەكه‌ن، بۆ پێكھێنانی حكومەت گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانیش بكرێت، چونكە وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌ن، ئەوانیش ئامادەن بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێمی كوردستاندا بكەن. پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت: دوای گەیشتن بە ئەنجامی گفتوگۆكان لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان، شاندی پارتی سەردانی پێكھاتەكانیش دەكات. ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت پارتی پێكھاتەكان فەرامۆش ناكات و داواكارییەكانیان لەبەرچاو دەگرێت.

ئەگەرچی ناڕاستەوخۆ باس لە پێدانی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بە توركمانەكان دەكرێت، بەڵام ئەوان چاوەڕێن پارتی وەك چۆن لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆدەبێتەوە، بەھەمان شێوە لەگەڵ ئەوانیش كۆبێتەوە، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئایدن مەعرووف، پەرلەمانتاری بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان ده‌ڵێت: "تا ئێستا به‌ فه‌رمی هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵمان نه‌كراوه‌، به‌ڵام به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومه‌ت، سه‌ردانی ئێمه‌ش كراوه‌"، دووپاتیشیكرده‌وه‌، "ئێمه‌ داوای یه‌كێك له‌ جێگره‌كانی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی كوردستان ده‌كه‌ین، بۆئه‌وه‌ی بتوانین له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كاندا به‌شداربین".

له‌ به‌رامبه‌ریشدا شوان كه‌ریم، په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: "به‌لای ئێمه‌وه‌ هه‌ردوو پێكهاته‌ی توركمان و كریستیان گرنگن، له‌ رابردووش فه‌رامۆشمان نه‌كردوون، ئێمه‌ پێمان باشه‌ هه‌ردوو لایه‌ن به‌شداری له‌ حكوومه‌تدا بكه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ی ئاخۆ بۆچی تا ئێستا شاندی دانوستانكار سه‌ردانی ئه‌و پێكهاتانه‌ی نه‌كردووه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی دووپاتیكرده‌وه‌، "به‌هۆی دواكه‌وتنی كۆبوونه‌وه‌كان بووه‌ و له‌ داهاتوودا سه‌ردانی ئه‌وانیش ده‌كه‌ین".

گفتوگۆی پارتی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان بۆ پێكھێنانی حكومەت بەردەوامن، ئەگەرەكانی تایبەت بە بەشداریكردنی پێكھاتەكانیش لە حكومەت بە جۆرێكە, كام پێكھاتە جێگری دووەمی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەربگرێت، پێكھاتەكەی دیكە لە حكومەت پۆست وەربگرێت، بەڵام خواستەكانی پێكھاتەكان لەو ئەگەرانە زیاترن و داوا دەكەن لە پەرلەمان و حكومەتيش پۆستیان ھەبێت.

H.B