منداڵێكی رزگاربووی دەستی داعش نەھامەتییەكانی دەگێڕێتەوە

زمانی دایكی بیرنەماوە
kurdistan24.net

K24 - دھۆك

منداڵێكی دیكەی ئێزدی تەمەن 7 ساڵ لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش رزگاركرا، ئەم رزگاربووەی ژێر دەستی داعش بەھۆی خراپی سەختی ژیان و مانەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر لە ژێر دەسەڵاتی داعش زمانی دایكی بیرنەماوە. منداڵەكە ناوی حەسەنە و دەڵێ داعش ئێمەی دەستگیركرد و بەزۆر فێرە شێوازەكانی شەڕی دەكردین و وەك ئەوەی كە خۆیان دەیانویست پەروەردەیان دەكردین.

دوای ئەوەی حەسەن رزگاربوو، كەسوكاری لە رۆژی لەدایكبوونی رێوڕەسمێكی تایبەتیان بۆ رێكخست، بۆ ئەوەی بە دەربڕی خۆشی و شادی مەینەتییەكانی دەست داعش لەبیر حەسەن ببەنەوە.

حەسەن حوسێن، دەڵێ: "داعش من و خێزانەكەمانی گرت، ئێمەیان فێری شەڕ دەكرد، ئێستا ژیان خۆشە نەك ئەوكاتی لەناو داعش بووین".

وەنسا خەلەف، نەنكی حەسەن لە رۆژی دایكبوونی نەوەكەی دڵخۆشە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ئەمساڵ لە بۆ جەژنی لەدایكبوونی رێوڕەسمی جیاوازیان رێكخستووە و رایدەگەیەنێت: "سوپاس بۆ خوا كە حەسەن ھاتووەتەوە ماڵ، ھیواخوازین ئەوانی دیكەش لە دەستی داعش رزگاربن و بە كەسوكاریان شادببنەوە".

ھەرچەندە حەسەن دوای چوار ساڵ لە دەستی داعش رزگاربوو بە كەسوكاری شادبووەوە، بەڵام ئەو ھێشتا نەیتوانیوە بگەڕێتەوە زێدی خۆی، بەڵكو ئەو ئێستا لە یەكێك لە كەمپەكانی سنووری پارێزگای دھۆك لە ئاوارەییدا لەگەڵ خێزان و كەسوكاری دەژیت.