پێکهاتەکان پێشنیازی 2 ساڵ بە 2 ساڵ بۆ وەرگرتنی پۆستەکان رەتدەکەنەوە
K24- هه‌ولێر:
پێكھاتەكان ڕازی نین بەوەی پۆستی جێگری دووەی سەرۆكی پەرلەمان دوو ساڵ بە دوو ساڵ بەڕێوەببەن، ئەمەش دوای ئەوەی ھەردوو پێكھاتەی كریستیان و توركمان داوای ئەو پۆستە دەكەن، بەڵام ھێشتا بەفەرمی ئەو پێشنیارەیان پێشكەش نەكراوە, ئەوان دەڵێن با جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بدرێت بە پێكھاتەیەك و وەزارەتێكیش بدرێت بە پێكھاتەكەی دیكە.
مونا قاوه‌چی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی ليستی چاكسازی توركمانی ده‌ڵێت: "ئێمه چاوه‌ڕێی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستانین، بۆئه‌وه‌ی له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دید و بۆچوونی ئه‌و حیزبه بزانین، ئاخۆ چ پۆستێك به پێكهاته‌ی توركمان ده‌ده‌ن"، قاوه‌چی به‌ڕێوه‌بردنی پۆستی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش له‌لایه‌ن پێكهاته‌ی توركمان و كریستیانه‌وه بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ به 2 ساڵ به غه‌در بۆ پێكهاته‌كه‌ی ده‌زانێت و ده‌ڵێت: "هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه تا كۆتایی خول ئه‌و پۆسته به‌ڕێوه ببات، كه پێی ده‌درێت".
له به‌رامبه‌ریشدا پێكھاتەی كلدان سریان ئاشوورییەكانیش پرۆژەیەكیان ھەیە تا لەگەڵ پارتی گفتوگۆی لەسەر بكەن، لە پرۆژەكەیاندا ھاتووە: "وەزارەتێكی تایبەت بە كارووباری پێكھاتەكان پێكبھێنرێت، ئەوكات كام لایەن پۆستی جێگری دووەمی سەرۆك پەرلەمانی وەرگرت لایەنەكەی دیكە ئەم وەزارەتە وەربگرێت".
رۆميۆ ھەكاری، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی یەکێتی نەتەوەیی ده‌ڵێت، "له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم هیچ كێشه‌یه‌ك بكه‌وێته نێوان ئێمه و پێكهاته‌ی توركمان، به‌ڵام واباشتره له سه‌ره‌تادا ئه‌و پرسه یه‌كلایی بكرێته‌وه".
پارتی بە ئاشكرا ئەم نیازەی خۆی بۆ پێدانی ئەو پۆستە بە یەكێك لە پێكھاتەكان ده‌ربڕیوه، بەڵام دیار نییە كام پێكھاتە كرسیتیانەكان یاخود توركمانەكان پۆستەكە بۆ ئەویدیكە جێدەھێڵێت، لە ئەگەری پێشنیاری 2 ساڵ بە 2 ساڵیش بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەكە توركمانەكان ڕازی نین و داوا دەكەن, بە ھەر لایەنێك بدرێت پێویستە 4 ساڵی تەواو پۆستەكە بەڕێوەببات.
هه‌رچه‌نده ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نزیك بوەتەوە و وادەكەی دیاریكراوە، بەڵام ھێشتا ھیچ كام لە پێكھاتەكان لەنێو خۆیاندا لەسەر كاندیدێكی ھاوبەش نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، بەگوێره‌ی زانیارییەكان توركمانەكان ئەگەر لەنێو خۆیاندا یەكلا نەبنەوە ئەوا ھەڵبژاردنی كاندیدەكان دەخەنە دەنگدانی پەرلەمانی كوردستان.
H.B