كریستیانه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا داوای هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ن

"بۆ ئەوەی سەردەمی داعش دووبارە نەبێتەوە دەبێت کریستیانەکان خاوەنی قەوارەی نامەرکەزیی خۆیانبن"

K24 - هه‌ولێر:

کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا داوای پێکهێنانی هەرێمێکی سەربەخۆ لە دەشتی نەینەوا دەکەن ، ئەوان دەڵێن بۆ ئەوەی سەردەمی داعش دووبارە نەبێتەوە دەبێت کریستیانەکان خاوەنی قەوارەی نامەرکەزی خۆیان بن  و بۆ ئەوەش بە هەرێمکردن باشترین ڕێگەچارەیە.

هاوکات بەرپرسانی ئیداری ناوچەکەش نایشارنەوە پرسی پێکهێنانی هەرێم مافی دەستووری ئەوانە و دەشڵێن خەڵک ترسی لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکان هەیە و بە هەرێمکردن دەکرێت گرەنتی بێ.

ڕۆژانێک ئێرە یەکێک لە قەرەباڵخترین کلێساکان بوو، ئێرە کلێسای گەورەی قەرەقۆشە کە دووەم گەورەترین کلێسای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئێستا بەشێکی دیاری وێران بووە، دوای تەواوبوونی نوێژ لەگەڵ قەشە نۆئێل چووینە هۆڵی گەورەی ڕێوڕەسمەکان ، کە داعش وەک زۆربەی کلێساکانی دیکە سوتاندبووی ، وەک ئەو دەیگوت دەبێ کریستیانەکان هەرێمێکیان هەبێ تا ئەوەی روویدا دووبارە نەبێتەوە.

قەشە، نۆئێل کۆستۆڤ ده‌ڵێت: "ئەم شوێنەی ئێمە تیایدا وەستاوین کلێسای گەورەی قەرەقۆشە کە لەگەڵ هەزاران ماڵ سوتێندرا، ئێمەی کریستیان مافمان زۆر خوراوە".

لە کاتێکدا هەموو بەرپرسان باس لەوە دەکەن کریستیانەکان خەڵکی رەسەنی عێراقن بەڵام ئێمە هەست بە بوونی خۆمان ناکەین بۆیە ئێمە دەمانەوێ جۆرێک لە نا مەرکەزییەت هەبێ جا ئەو نا مەرکەزیەتە بە شێوەی فیدرالی بێ یان شێوەی دیکە ، بەڵام پێویستە ئەوە بزانین ناکریت دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێ.

روومانکردە لای قایمقامیەتی قەرەقۆش ، کە ئەویش بەهۆی رووخاندنی باڵەخانەکەیەوە لەلایەن داعشەوە ئێستا لەناو بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکە جێگیربووە.

لەگەڵ قایمقامدا کەوتینە گفتوگۆ ئەو نەیشاردەوە کە دووبارە ئاوادانکردنەوەی ناوچەکە دەستیپێکردووە ، بەڵام پێکهێنانی هەرێمی سەربەخۆ بۆ کریستیانەکان بە مافی خۆیان دەزانێ

عیسام بەهنام، قایمقامی قەرەقۆش گووتی: "ناوچەکەی ئێمە وەک عێراقێکی بچوککراوە وایە ، ساڵ و نیوێکە خەڵکی ئەم ناوچەیە دەستیان بە گەڕانەوە کردووە، پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەستیپێکردووە بەڵام خەڵک زیانی زۆری کردووە و قەرەبوو نەکراوەتەوە".

پێش هاتنی داعش پرسی راگەیاندنی پاریزگای دەشتی نەینەوا یەکلا بووبووەوە بەڵام ئەو بابەتە بەجۆرێک لە جۆرەکان تووشی وەستان بوو، ئیستا دەستوور ڕێگەی داوە هەر پارێزگایەک یان زیاتر هەرێم پێکبهێنن بۆیە دەستوور زۆر روونە لەم پرسەدا.

پرسی پێکهێنانی هەرێم لە عێراقدا یەکەم جار نییە دەورووژێندرێ ، پێش دەشتی نەینەوا بەسرەش داوایکردووە.

بەڵام ئەوەی رێگرە لەبەردەم ئەو پرسەدا نەبوونی پارێزگایەکە بۆ کریستیانەکان کە بە گوێرەی دەستوور پێداویستی یەکەمی پێکهێنانی هەرێمەکەیە.