به‌شير حه‌داد: به‌غدا پاره‌ى مانگى يه‌ك و دووى ئه‌مساڵ ره‌وانه ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، به‌شير حه‌داد، رايگه‌ياند، پشكى هه‌رێمى كوردستان له بودجه‌ى 2019، له (1ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2019)ه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ى له ياساى بودجه‌دا ديار كراوه، ره‌وانه ده‌كرێت.
له ميانى به‌شداريكردنى له ژوورى هه‌واڵى كوردستان24، به‌شير حه‌داد گوتى: ياساى بودجه‌ى 2019 له رۆژنامه‌ى وه‌قائيعى عێراقى بڵاوكراوه‌ته‌وه و هه‌ر كه كه‌وتووه‌ته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه و له (1ـى 1ـى 2019)ه‌وه هه‌موو ئيستحقاق و شايسته داراييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه ده‌كرێن.
گوتيشى: مه‌رج نييه هه‌موو ئه‌و پاره‌يه به‌يه‌كه‌وه بدرێت و هه‌ندێك قه‌رزى كۆن هه‌يه له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ئه‌ويش ده‌كرێت يه‌كلا بكرێته‌وه و پشكى پێشمه‌رگه به جيا و پشكه‌كانى ديكه‌ش به جيا ره‌وانه بكرێن.
روونيشيكرده‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕه پاره‌ى هاتووه، كه‌متر بێت له‌و بڕه‌ى ديارى ده‌كرێت، ئه‌وا؛ زياده‌كه‌ى ده‌درێت.
سه‌باره‌ت به ناردنى نه‌وتى سپيى بۆ هاووڵاتيانى هه‌رێمى كوردستان، به‌شير حه‌داد ئاشكرايكرد، ئه‌مڕۆ وه‌زيرى نه‌وتى عێراق بڕياريداوه به زوويى نه‌وتى سپى ره‌وانه‌ى كه‌مپى ئاواره و په‌نابه‌ره‌كان له هه‌رێمى كوردستان بكات.
هه‌روه‌ها گوتى: پێشبينى ده‌كه‌م له چه‌ند كاتژمێرى داهاتوودا كاروانى نه‌وتى سپى بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێبكرێت.