داعش هەوڵی لەناوبردنی زمانی دایکی کوردانی ئێزدی داوە

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی زمانی دایکە
kurdistan24.net

K24 - دھۆك

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی زمانی دایکە، لەم رۆژەدا كوردستان24 چەند كەسێك لە شنگال بەسەر دەكاتەوە، كە دوای ئەوەی كەوتوونەتە دەست چەکدارانی داعش، هەوڵ دراوە زمانی دایکی ئەو کەسانە بگۆڕێت، بە گوێرەی ئامارێکیش، داعش لە هێرشەکانیدا بۆ سەر شنگال، دوو هەزار و 745 منداڵی ئێزدی کەوتووەتە ژێر دەستی و ئێستا بەشێکی زۆریان زمانی دایکیان لەبیر چۆتەوە.

ئازاد عەلی، منداڵێكی رزگاربووی دەستی داعشە، بە كوردستان24ی گوت: "كاتێك لە دێرزوور بووم لە سووریا، زمانی دایكم لەدەست دا، ئێمە ژمارەیەك منداڵ بووین، داعش ئێمەی بردە سەربازگەیەك، لەو سەربازگەیە فێری شەڕ و قورئان خوێندن دەكراین، لەوێ من تاكە منداڵی ئێزدی بووم، ئەوانی دیكە عەرەب بوون، ھەموویان بە عەرەبی قسەیان دەكرد، بۆیە دوای چەند مانگێك، منیش زمانی خۆم لە بیركرد".

ھەروەھا لیزا عەلی، منداڵێكی دیكەی كوردی ئێزدییە، لە كاتی ھێرشی داعش بۆ سەرشنگال لەگەڵ خێزانەكەیان كەوتۆتە دەست چەكدارانی داعش و زمانی دایكی لەبیرچۆتەوە، دوای رزگاربوونی لەدەست داعش، ئێستا ئەو لە قوتابخانەیە و بە ھەوڵی مامۆستاكان فێری زمانی دایك دەبێتەوە. لیزا دەڵێ: "گەڕاومەتەوە مەكتەب و مامۆستاكان ھاوكاریی زۆرم دەكەن".

رۆژی جیھانیی زمانی دایک، لە رۆژی بزووتنەوەی زمانی ساڵی 1952ی بەنگلادیش، رۆژھەڵاتی پێشووی پاکستانی بەر لە سەربەخۆییەوە سەرچاوەی گرتووە. ساڵی 1952 ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکار، دژی سیاسەتی یەکزمانی ناڕەزاییان دەربڕی، له‌ ئه‌نجامدا 11 کەس بەدەستی ھێزە ئەمنییەکانی پاکستان کوژران، ساڵی 1956 دەوڵەت بە ناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا. رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 1999 رۆژی 21 ی شوباتی ھەموو ساڵێکی وەک رۆژی جیھانیی زمانی دایک ناساند و ئەو رۆژەی وەک بیرھێنانەوەیەک بۆ قوربانیانی بەنگلادیش بە رۆژی زمانی دایک دیار کرد. ساڵی 2000 بۆ یەکەم جار یادی ئەم رۆژە مێژوویی و جیھانییە کرایەوە.

ھ.م