پرۆسه‌ى رزگاركردنى خه‌ڵكی سڤیل له باغوز به‌رده‌وامه
K24 – هه‌ولێر:
هێشتا ژماره‌يه‌كى زۆرى خه‌ڵكی سڤیل له باغوز ماونه‌ته‌وه و له لايه‌ن داعشه‌وه رێگه‌يان پێ نادرێت شارۆچكه‌كه‌يان به‌جێبهێڵن.
هێزه‌كانى سوورياى ديموكرا(هه‌سه‌ده)، به‌رده‌وامن له دانوستان له‌گه‌ڵ چه‌كدارانى داعش بۆ كردنه‌وه‌ى رێڕه‌وێكى ئارام، تا خه‌ڵكه سڤیله‌كه له ناوچه‌ى شه‌ڕ بێنه ده‌ره‌وه.
باغوز دوایين شوێنگه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌يه، كه داعش له 2014 به ناوى "خيلافه‌ت" رايگه‌ياندبوو.
سه‌رچاوه ته‌ناهییه‌كان، باسيان له‌وه كردووه، چه‌كدارى داعشى به ره‌چه‌ڵه‌ك فه‌ڕه‌نسى، فابيان كلان، كه تۆمه‌تبار بوو به ته‌قينه‌وه‌كانى نۆڤێمبه‌رى 2015ى پاريس، له باغوز به‌ر بۆمبابارانى فڕۆكه‌كانى ئه‌مه‌ريكا كه‌وتووه و كوژراوه.
ئێستا داعش ته‌نيا نيو كيلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ى به‌ده‌سته‌وه ماوه.
دوێنێ پێنجشه‌ممه، 50 بارهه‌ڵگر خه‌ڵكى سڤیل له ناوچه‌كه ده‌رباز كراون و روويان له ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هه‌سه‌ده كردووه. بڕياره ئه‌مڕۆش كاروانێكى ديكه له باغوز ده‌رباز بكرێن.
هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات، رێگه به رۆژنامه‌نووسان ناده‌ن، نزيكى خاڵى وه‌ستانى بارهه‌ڵگره‌كان ببنه‌وه و ئاگادارى ورده‌كاریى پرۆسه‌ى جياكردنه‌وه‌ى سڤیله‌كان و چه‌كدارانى داعش بن، كه له ريزى خه‌ڵكدا ناوچه‌كه‌يان به‌جێهێشتووه.
شون راين، گوته‌بێژى هاوپه‌يمانیی نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش دوێنێ پێنجشه‌ممه رايگه‌ياند، هاوپه‌يمانیى نێوده‌وڵه‌تى به‌رده‌وام ده‌بێت له پشتيوانيكردنى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات.
گوتيشى: هاوپه‌يمانى پشتيوانى پرۆسه‌ى ده‌ربازكردنى خه‌ڵكی سڤیل له باغوز ده‌كات.
له لايه‌ن خۆيانه‌وه، هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات، ره‌تيده‌كه‌نه‌وه، هيچ جۆره دانوستانێكى راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆىان له‌گه‌ڵ داعش ئه‌نجام دابێت.
گوته‌بێژى هه‌ڵمه‌تى سه‌ربازى دێرزوورى سه‌ر به هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات، عه‌دنان عفرين رايگه‌ياند، تا ئێستا هيچ دانوستانێكى راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ داعش ئه‌نجام نه‌دراوه.
گوتيشى: ئێمه دۆسيه‌ى دانوستان له‌گه‌ڵ داعش، يان هيچ هێزێكى ديكه ناكه‌ينه‌وه.
روونيشيكرده‌وه، داعش هيچ كارتێكى بۆ دانوستان پێ نييه و هيچ رێگه‌يه‌كيشى له‌به‌رده‌ستدا نييه، جگه له خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان.
سه‌رچاوه: فڕانس پرێس
ئ.ر