به‌ ڤیدیۆ.. دوای 31 ساڵ ونبووێكی دیكه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ خێزانه‌كه‌ی شاد ده‌بێته‌وه‌

كاتێك ون بوو ته‌مه‌نی ته‌نیا 9 مانگ بوو
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

منداڵێکی دیکەی ونبووی ھەڵەبجە دەدۆزرێتەوە، خێزانەکەی داوا دەکەن بە زووترین کات ڕێكارە یاساییەکان لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە تەواو بكرێن, بۆ ئەوەی بتوانن بە کوڕەکەیان شاد ببنەوە و بگەڕێتەوە بۆ لایان.

دایكی خه‌لیل "منداڵه‌ ونبووه‌كه‌" ماوه‌ی 31 ساڵه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ تامی كۆرپه‌یی، كه‌ ئه‌و كات ته‌مه‌نی ته‌نیا 9 مانگ بوو، كوڕه‌كه‌ی له‌ باوه‌ش بگرێته‌وه‌. دوای ده‌رچوونی پشكنینی "DNA" كه‌ بۆ خه‌لیل و دایكی خه‌لیل كرابوو، چاوه‌ڕوانییه‌كه‌ كۆتایی هات و ده‌ركه‌وت، كه‌ خه‌لیل منداڵی ئه‌م خێزانه‌یه‌. دایكی خه‌لیل ئه‌گه‌رچی له‌ زمانی كوڕه‌كه‌ی تێناگات، به‌ڵام دڵخۆش بوو به‌ بینینه‌وه‌ی.

مه‌لیحه‌ محه‌مه‌د، دایكی خه‌لیل بۆ كوردستان 24 ده‌دوێت و ده‌ڵێت: "له‌ ماوه‌ی 44 كاتژمێردا پشكنینه‌كان ده‌رچوون، پشكنینه‌كه‌ چه‌ندباره‌ كرایه‌وه‌ و هه‌ر كوڕی من ده‌رچوو، ماوه‌ی 2 شه‌وه‌ له‌ باوه‌شم ده‌خه‌وێت، ئێستا ئه‌و هاوسه‌ر و كچێكیشی هه‌یه‌، ئه‌و خه‌ونی به‌ منه‌وه‌ بینی بوو و گێڕایه‌وه‌، گوتی: " شه‌وی جه‌ژنی قوربان له‌ خه‌وما بینیم، تۆ هاتیت و گوتت من دایكی تۆم، منیش پێتم گوت دایه‌ گیان خه‌فه‌ت مه‌خۆ هۆكارێك دروست ده‌بێت، كه‌ به‌یه‌كتر شادمان بكاته‌وه‌)، منیش هه‌میشه‌ ئه‌و قسه‌یه‌م دووباره‌ كردۆته‌وه‌".

هه‌رچی خوشك و براكانی خه‌لیلن، له‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ دڵخۆشیی خۆیان به‌ بینینه‌وه‌ی براكه‌یان ده‌رده‌بڕن. فه‌ریعه‌ ساڵح، خوشكی خه‌لیل، سوپاسی ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كات، كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری به‌ یه‌كتر شادبوونه‌وه‌یان.

کەسوکارى خه‌لیل داوا ده‌كه‌ن، بە زووترین کات ڕێكارە یاساییەکان لە کوردستان تەواو بكرێن و کوڕەکەیان بێتەوە بۆ لایان و چاوەڕوانیی دایکی و خێزانەکەی کۆتایی پێ بێت. ئیبراهیم ساڵح، كه‌ برای خه‌لیله‌ ده‌ڵێت: "بۆ هێنانه‌وه‌ی براكه‌مان داوا له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، پشكنینمان بۆ بكات، له‌ ئێران پشكنینه‌كه‌ كه‌متر له‌ ماوه‌ی 72 كاتژمێرى ی پێ چوو، داواكارین كۆتایی به‌ چاوه‌ڕوانییه‌ی ئێمه‌ بهێنن ".

خەلیل ساڵح ناوی منداڵیکی ونبووی دیکەی ھەڵەبجەیە, کە لە کاتی کیمیابارانکردنی ئەو شارە تەمەنی ته‌نیا 9 مانگ بووه‌ و لە دایکی ون دەبێت، مانگی ڕابردوو ھاتۆتەوە کوردستان و پشکنینی ئەنجام داوە, بە ھیوای ئەوەی بە زووترین کات خێزانەکەی بدۆزیتەوە, لە پاش ئەوە خێزانیکی دانیشتوی شارەدیی بیارە پەیوەندی پێوە دەکەن و بە مەبەستی پشکنین، سەردانی وڵاتی ئێران دەکەن, دواى ئەنجامدانی پشکنینەکانو دردەکەویت کە منداڵی ئەو خێزانەیە, بەڵام پشکنینی ھەرێمی کوردستان 6 مانگی دیكه‌ی پێویستە, تا ئەنجامەکەی ئاشکرا ده‌بێت.

H.B