منداڵە رفێندراوەكانی ئێزدی لە سووریا دەدۆزرێنەوە

"لەوێ 100 منداڵی ئێزدیم لەگەڵ بوو"
kurdistan24.net

K24 - شێخان

لەگەڵ پێشڤەچوونی ھێزەكانی سووریای دیموكرات بۆ رزگاركردنی پارێزگای باغۆز لە دەست چەكدارانی داعش، رۆژانە خەڵكی سڤیل رزگار دەكرێن و بەشێك لەو رزگاركراوانەش ژن و منداڵە ئێزدییەكانن.

كینان دەروێش، منداڵێكی تەمەن 10 ساڵەی ئێزدییەو ئەو پێش ئێستا لە باغۆز لە دەستی داعش رزگار كراوە و دەڵێ: "یەكەم جار ئێمەیان گواستەوە باغۆز، سەرەتا فێری قورئان خوێندنیان كردین، دواتر لە سەربازگەیەك مەشق و راھێنانی كوشتنیان پێ كردین. لەوێ 100 منداڵی ئێزدیم لەگەڵدا بوون، بە ئیبراھیم بانگیان دەكردم، زۆربەی ئەو منداڵانە لەوێ ماون".

حاجی حەمید، كوردێكی ئێزدییە، كه‌ لە كاتی ھاتنی داعش بۆ شنگال 77 كەس لە بنەماڵەكەی ئەویان رفاندووە و تا ئێستا 39 كەسیان لە ژێر دەستی داعشدا ماون، ئەو داوا دەكات لیژنەیەك پێك بھێندرێت بۆ ھێنانەوەی رزگاركراوانی ئێزدی لە سووریا. دەشڵێت: "لەو وێنە و ڤیدیۆیانەی بەم دوایە لە سووریا بڵاوكراونەتەوە، زۆر لە منداڵانی ئێزدی ناسراونەتەوە".

سەبارەت بە ھێنانەوەی رزگاربووە ئێزدییەكان لە سووریاوە، سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆك بە كوردستان24ی گوت: "لەو ناوچانەی كە خەڵكی تێدا لە دەستی داعش رزگار دەكرێت، لە دەستی حكوومەتی سووریا نییە و ھێزێكی فەرمی لەوێ نییە، بۆ ئەوەی بتوانین بە رێگای فەرمی و یاسایی داوای گەڕانەوەیان بكەین، تەنھا دەبێ بە رێگەی پەیوەندیی كه‌سی و عەشایەری، داوا بكەین ئەو رزگاركراوانە بگەڕێندرێنەوە شنگال".

ھ.م