ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی رێگه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌

"جگه‌ له‌ هورمز بژارده‌ی دیكه‌ش له‌به‌رده‌ستن"

K24 - هه‌ولێر:

سكرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له‌ سووریا به‌ ته‌واوی ئامانجەكانی گەیشتووه‌ و بژاردەی زۆریشیان بۆ داخستنی رێگەی ھەناردەكردنی نەوتی ناوچە، لەبەر دەستە.

عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لەچاوپێكەوتنێكدا بە ماڵپەری تەسنیمی وڵاتەكەی گوتووە، به‌ 90%ی ئامانجەكانیان لە سووریا گەیشتوون و ھاوكات بۆ ھەموو ئەگەرەكان لە سووریاو پلانی پێشوەختەیان ھەیە.

شەمخانی ئاشكراشی كردووە، بۆ داخستنی رێگەی نەوت، تەنیا بژاردەی داخستنی گەرووی ھورمزیان نییە، بەڵكو بژاردەی دیكەش ھەن، كە ئێران دەتوانێ بەكاریان بھێنێت.

سكرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران گفتوگۆ و رێككەوتنێكی دیكەی لەگەڵ ئەمریكا بە تەواوەتی رەتكردەوە.

ئ. م