گۆڕان: ئێمه‌ ئازادین له‌گه‌ڵ كێ و له‌سه‌ر چ رێك بكه‌وین

ئه‌وه‌ مافێكی سیاسی خۆمانه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاندبوو, به‌ر له‌ ڕێکكەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی بە بزوتنەوەی گۆڕانمان گوتووە، ئەوە لە بەرچاو بگرن کە به‌ بێ یەکێتی پێکھێنانی حکوومەت و پڕۆسەی سیاسی تەندرووست لە کوردستان بەڕێوەناچێت، پەرلەمنتارێکی گۆڕانیش دەڵًێت: بزوتنەوەکەیان وەکو ھێزێکی سیاسی سەربەخۆ مافی خۆیەتی لەگەڵ چ لایەنێک ڕێكکەوتن دەکات و لەسەر چیش ڕێکەوتن دەکات.

له‌كاتێكیشدا پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ھێزی یەکەم و بزوتنەوەی گۆڕان وەک ھێزی سییەم ڕێکكەوتنێکیان بە مەبەستی پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوی ھەرێمی کوردستان واژۆ کردووه‌، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ئاشکرا ئەوە ناڵێت کە ڕێکكەوتنەکەی پێ ناخۆشە, بەڵام بە پێی لێدوان و ھەڵوێستی بەشێک لە سەرکردەکانی ئه‌و حیزبه‌، یەکێتی پێی ناخۆشە ڕێکكەوتنی پارتی و گۆڕان پێش ڕێکكەوتنی پارتی و یەکێتی کەوتووە.

ئارێز عه‌بدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، یەکێتی داوای لە پارتی و گۆڕان نەکردووە کە ڕێک نەکەون بەڵکو پێیان باشە سەرجەم لایەنە سیاسیەکان ڕێک بکەون.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا بزوتنەوەی گۆڕان وەکو مافێکی سیاسی خۆی ڕێکكەوتنی کردووە و بڕیاری بەشداری کردنی لە حکوومەت داوە، ئەمە وتەی دابان محەمەد, پەرلەمانتاری گۆڕانە له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، گۆڕان خاوەنی بڕیاری سیاسیی و ئیرادەی خۆیەتی، بە مافی یەکێتیشی دەزانێت ڕێکكەوتن بکات و بەشداری له‌ حکوومەتدا بکات.

لە کاتی گفتوگۆی لایەنەکان پێشبینی دەکرا سەرەتا پارتی و یەکێتی بۆ پێکھێنانی حکوومەت ڕێکكەوتن بكه‌ن، بەڵام ١٨ی ئەم مانگە پارتی و گۆڕان ڕێکكەوتنێکی سیاسیان کرد, بۆ چوار ساڵی داھاتوی حکوومەتی ھەرێم و پەیوەندییەکانی ئەو دوولایەنە لە کاتی بەڕێوەچونی کارەکانی حکومەت.

H.B