خێزانێكى ديكه‌ى ئێزدى له‌ باغوز رزگار كران

له‌ ماوه‌ى هه‌فته‌يه‌كدا توانراوه‌ 21 منداڵ و ژنى ئێزدى له‌ باغوز رزگار بكرێن

K24 – باغوز:

هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات، (هه‌سه‌ده‌) به‌رده‌وامن له‌ گه‌مارۆدانى دوايين مۆڵگه‌ى داعش له‌ رۆژهه‌ڵاتى دێرزوور و هاوكات ئه‌مڕۆ خێزانێكى ديكه‌ى ئێزدى له‌و ناوچه‌يه‌ رزگار كران.

زياد شێخ عه‌ڤداڵ، سه‌رۆكى ماڵى ئێزدى له‌ كانتۆنى جزيره‌، تايبه‌ت به‌ كوردستان24ى راگه‌ياند، له‌ ماوه‌ى هه‌فته‌يه‌كدا توانراوه‌ 21 منداڵ و ژنى ئێزدى له‌ باغوز رزگار بكرێن.

گوتيشى: هێشتا به‌رده‌وامين له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ رزگاركردنى ته‌واوى ئه‌و ئێزديانه‌ى له‌ ده‌ست چه‌كدارانى داعش ماونه‌ته‌وه‌.

گوتيشى: زۆرێك له‌ منداڵه‌كان زمانى كوردييان بير چووه‌ته‌وه‌ و ماوه‌ى زياتر له‌ چوارساڵ و نيوه‌ له‌ كه‌سوكاريان دابڕاون.

هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات، هێرشه‌كانى بۆ سه‌ر باغوز راگرتووه‌، تا ئه‌و كاته‌ى هێزه‌كانيان رێڕه‌وى ئارام بۆ ده‌ربازبوونى مه‌ده‌نييه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌ و سه‌رجه‌م مه‌ده‌نييه‌كان رزگار ده‌كات.

ئ.ر