ڤاڵڤێردی له باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ریال مه‌درید چی گوت؟
ڤاڵڤێردی راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له كلاسیكۆ جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه بۆ شكستهێنانی ریال مه‌درید ده‌چنه سانتیاگۆ بێرنابیۆ، گوتیشی: سبه‌ی رۆژێكی تایبه‌ته بۆمن، چونكه یاری ژماره 100 له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا ده‌كه‌م.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 26 شووباتی 2019، له پرێس كۆنفرانسێك له باره‌ی یاری كلاسیكۆ، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه ئه‌نجامی یاری چوونی كلاسیكۆ بۆ ئه‌وان باش نه‌بوو، ده‌شڵێت: به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه ئێمه ئامانجمان ئه‌وه‌یه بگه‌ینه یاریی كۆتایی، ئه‌م ئامانجه‌ش به بردنه‌وه له ریال مه‌درید له نێو یاریگه‌ی بێرنابیۆ دێته دی.
ڤاڵڤێردی ده‌شڵێت: یارییه‌كه زۆر چاره‌نووسسازه، هه‌موو یاریزانه‌كانم به تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌و یارییه ده‌كه‌ن، ده‌مانه‌وێت سبه‌ی براوه بین، له دوای یارییه‌كه‌ی سبه‌ش هه‌مان شت دووباره ده‌كه‌مه‌وه و ده‌مانه‌وێت بۆ یاری كلاسیكۆی دواتریش له لالیگا براوه بین، ئامانجی ئێمه بردنه‌وه‌ی هه‌ردوو كلاسیكۆیه‌كه‌یه.
ڤاڵڤێردی گوتیشی: پێش یارییه‌كه‌ی لیۆن له چامپیۆنزلیگ جه‌ختم له‌وه كرده‌وه كه بۆ سه‌رجه‌م نازناوه‌كان ده‌جه‌نگین، سبه‌ی ده‌مانه‌وێت هه‌موو شتێك بكه‌ین، چونكه ئه‌گه‌ر بدۆڕێین راسته‌وخۆ له جامی شا ده‌چینه ده‌ره‌وه و ناتوانین قه‌ره‌بووی بكه‌ینه‌وه.
ڤاڵڤێردی له پرێس كۆنفرانسه‌كه دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئارسه‌ر میللۆی ناوه‌راستكاری به‌رازیلی بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی راگه‌یاند، گوتی: هیوادارم بۆ كلاسیكۆی دواتر له لالیگا ئارسه‌ر بگه‌ڕێته‌وه.
ڤاڵڤێردی گوتیشی: ئێمه له‌گه‌ڵ سیسته‌می ڤار بارودۆخمان باش نییه، به‌ڵام گوێی پێ ناده‌ین، راسته له میدیاكان ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری ده‌بێت، به‌ڵام ئێمه یاری خۆمان ده‌كه‌ین و زۆر بیر له‌و بابه‌ته ناكه‌ینه‌وه.
راهێنه‌ری بارسا گوتیشی: گوێ به‌وه ناده‌م كام یاریزانی ریال مه‌درید به‌شداری ده‌كات، ڤینسیۆس راسته وه‌رزێكی باش تێپه‌ڕ ده‌كات و یاریزانێكی باشه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و یاریزانه‌ش به شداریی نه‌كات ریال مه‌درید یاریزانێكی تر له ئاستی ئه‌و ده‌خاته شوێنی، ئێمه‌ش وه‌رزێكی درێژمان له‌پێشه و له‌سه‌ر ته‌نیا یاریزانێك پلانمان چڕ ناكه‌ینه‌وه.
له یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی قۆناخی پێشكۆتایی جامی شای ئیسپانیا، سبه‌ی چوارشه‌ممه له كاتژمێر 11:00ـی شه‌و له یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ریال مه‌درید و بارسێلۆنا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، له یاریی چوون له كامپ نوو به گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان به‌رامبه‌ربوون.