ویلایەتێکی ئەڵمانیا 60 کچە ئێزدی لەخۆ دەگرێت
K24 - ئەڵمانیا
ویلایەتی براندنبۆرگ لە ئەڵمانیا، بڕیاری لەخۆگرتنی 60 کچی ئێزدی قوربانیی دەستی داعش دەدات و پڕۆژەکە لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت.
ئەندریا یولیکە، ئەندام پەرلەمانی ههرێمی براندنبۆرگی ئەڵمانیا رایگەیاند: "لە ساڵی 2016ەوە پەرلەمانی براندنبۆرگ بڕیاری ھێنانی 60 کچی قوربانیی دەستی داعشی لە کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا داوە، بەڵام مانگی نیسانی ئەمساڵ بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت".
گوتیشی: "وەک ھەنگاوی یەکەم، دوو ملیۆن یۆرۆ بۆ پڕۆگرامەکە تەرخان کراوە، کە خەرجیی چارەسەریی تەندروستی و چاودێریکردنی دۆخی ئەو قوربانییانە لەخۆ دەگرێت".
ئەندریا یولیکە، روونیكردەوە: "ئێمە لە پەرلەمان لە ساڵی 2016 بڕیارمان دا کە ئەو کچ و ژنە ئێزدییانە وەربگرین، کە لە لایەن داعشەوە دهستدرێژییان كراوهتهسهر، بۆ ئەوەی دەرفەتی ئەوەیان پێبدرێت لە ئەڵمانیا چارەسەریی تەندروستی وەربگرن و ژیان دەست پێبکەنەوە، بەڵام بەداخەوە زۆری خایاند بە ھۆی ئەوەی دەبوو حکوومەتی ئەڵمانیا بڕیارەکەمان پەسەند بکات و جێگە و رێگە بۆ ئەوکەسانە دابین بکرێت، کە وەردەگیرێن".
راشیگەیاند: "براندنبۆرگ ههرێمێكی بچووکە، بۆیە سەرەتا بڕیارماندا کە 60 کچی ئێزدی وەربگرین، بەتایبەت ئەوانەی ماوەیەکی درێژ لە زیندان ماونەتەوە و منداڵیان پەیدابووە، بۆ ئەوان قورسە لە کوردستان بڕیاری ئەوە بدەن، کە ئایا منداڵەکە لەخۆ بگرن یاخود نا، ئەوانە زۆربەیان تووشی نەخۆشیی دەروونی بوونە و لە دۆخێکی قورس دان، بۆیە ئێمە ئەوانەمان دەستنیشان کرد".
ھ.م