گەنجێكی كورد لە كەركووك بە چەقۆ كوژرا

كەسێكی دیكەش بریندارە

K24 - كەركووك

ھێمن دەلۆ، پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "گەنجێكی كورد بەناوی زیاد ئازاد لە كەركووك بە چەقۆ كوژرا".

باوكی زیاد، باس لەو رووداوە دەكات كە كوڕەكەی تێدا كوژراوە و بە كوردستان24ی گوت: "كەسێك لە نەتەوەی عەرەب بە ماتۆڕسكیل خۆی كێشاوە بەناو ژمارەیەك گەنجی كورد و منداڵێكیش لای ئەوان وەستابوو بریندار بووە، گەنجە كوردەكان پێیان گوتووە بۆ وا دەكەی، ئەویش بە چەقۆ ھێرشی كردوونەتە سەر و كوڕەكەی من ناوبژیوانی كردبوو، بەڵام چەقۆی لێدا و بەو ھۆیەوە كوڕەكەم گیانی لەدەستدا و یەكێكی دیكەش بریندار بوو".

گوتیشی: "لە نزیك ھێزە ئەمنییەكانی حكوومەتی عێراق لێیدراوە ئامادە نەبوونە ھەڵیبگرنەوە و بیبەنە نەخۆشخانە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەو كەسەی چەقۆی لە كوڕەكەم داوە سێ رۆژ بوو لە زیندان ئازاد كرابوو، دوای كوڕەكەمی كوشت لە كاتی دەستگیركردنی لەبەردەم ھێزە ئەمنییەكانی عێراق گوتی، پێنج رۆژی دیكە لە زیندان دەبم و ئازاد دەبم".

راشیگەیاند: "داوا لە ھێزەكانی عێراق دەكەین لە كەركووك جیاوازی لەنێوان نەتەوە و پێكھاتەكان نەكەن".

ھ.م