ورده‌كاریى رێككه‌وتنى پارتى و يه‌كێتى

میكانیزمی چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى كه‌ركووك و دانانى وه‌زيرى داد له‌ به‌غدا ده‌ستنيشان كراون

K24 – هه‌ولێر:

مه‌حمود محه‌مه‌د، گوته‌بێژى پارتى ديموكراتى كوردستان، رايگه‌ياند، له‌ رێككه‌وتنى نێوان پارتى و يه‌كێتييدا، میكانیزمی چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى كه‌ركووك و دانانى وه‌زيرى داد له‌ به‌غدا، ده‌ستنيشان كراون.

گوتيشى: گره‌نتى هه‌موو رێككه‌وتنێك، متمانه‌يه‌، ئه‌و متمانه‌يه‌ش له‌ نێوانماندا هه‌يه‌.

هه‌روه‌ها گوتى: ليژنه‌يه‌ك بۆ جێبه‌جێكردن و چاودێريكردنى جێبه‌جێكردنه‌كه‌ى، ده‌ستنيشان كراوه‌.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كاتێك رێككه‌وتنه‌كه‌ چووه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، خاڵ به‌ خاڵى بۆ خه‌ڵك روون ده‌كرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى نێوانياندا، هه‌ريه‌ك له‌ پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتیى نيشتمانیى كوردستان له‌سه‌ر دابه‌شكردنى پۆسته‌كان رێككه‌وتن.

دواتر له‌ مه‌راسيمێكدا، هه‌ريه‌ك له‌ نێچيرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى، جێگرى يه‌كه‌مى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتى، واژۆيان له‌سه‌ر ده‌قى رێككه‌وتنى نێوانيان كرد.

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌، له‌تيف شێخ عومه‌ر، گوته‌بێژى يه‌كێتیى نيشتمانیى كوردستان، كۆبوونه‌وه‌كه‌ى به‌ گرنگ و مێژوويى وه‌سف كرد و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، عيبره‌ت له‌ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ دايه‌.

كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى مه‌كته‌بى سياسیى پارتى و يه‌كێتى دواى ئه‌وه‌ هات، كه‌ دوێنێ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى يه‌كێتیى نيشتمانى كوردستان به‌ سه‌رۆكايه‌تیى كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى كۆبووه‌وه‌ و هه‌ردوولا گه‌يشتنه‌ رێككه‌وتن بۆ چاره‌سه‌ركردنى ناكۆكييه‌كانى نێوانيان.

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌، سه‌عدى ئه‌حمه‌د پيره‌، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسیى يه‌كێتیى نيشتمانیى كوردستان، تايبه‌ت به‌ كوردستان24ى راگه‌ياند، پرسى كه‌ركووك په‌يوه‌سته‌ به‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ى دوێنێ له‌ نێوان سه‌رۆك بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌ڕێوه‌چوو.

شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان پێكھاتوون لە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی، مەسرور بارزانی، كاندیدی پارتی بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی و ھۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، رۆژ نوری شاوێس، مەحموود محەمەد و جەعفەر ئیمینكی، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، له‌گه‌ڵ دڵشاد شەھاب، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی.

شاندی یەكێتیش پێكھاتوون لە كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتی، حاكم قادر حەمەجان، ئەرسەلان بایز، عیماد ئەحمەد، قوباد تاڵەبانی، جەعفەر شێخ مستەفا، عومەر فەتاح، سەعدی ئەحمەد پیرە، لەتیف شێخ عومەر، عەندنان حەمە مینە، رزگار عەلی و لاهوور جه‌نگی.