28ـه‌مین ساڵیادی راپه‌ڕینه‌

27 ساڵ لەمەبەر گەلی كوردستان لە رانیە و قەڵادزێ دەستی بە راپەڕین كرد

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ ساڵیادی دەستپێكردنی راپەڕینی خەڵكی كوردستانە له‌ دژی رژێمی بەعس، كە توانرا بۆ یەكەمجار، زۆربەی خاكی ھەرێمی كوردستان لە دەست رژێمی بەعسی عێراق رزگار بكرێت و كورد لە باشووری كوردستان، به‌ خۆی حوكمڕانیی خۆی بكات.

28 ساڵ لەمەوبەر، لە 5 ئاداری ساڵی1991، راپەڕینی خەڵكی كوردستان دژی رژێمی بەعسی عێراق دەستی پێكرد، لە یەكەم رۆژی راپەڕیندا دەڤەری رانیە و قەڵادزێ رزگار كرا، دواتریش نازناوی دەروازەی راپەڕین بەخشرایە ئەو دەڤەرە.

پاش رزگاركردنی دەڤەری پشدەر و بتوێن، خەڵكی كوردستان بە پاڵپشتیی مەفرەزەكانی پێشمەرگە، راپەڕین و ھەر رۆژە لە چەند ناوچەیەك، زەماوەندی ئازادی و رزگاری دەگێڕا.

راپەڕینی خەڵكی كوردستان بە پاڵپشتیی مەفرەزەكانی پێشمەرگە لە ئەنجامی ئەو زوڵم و زۆردارییەی رژێمی بەعس رووی دا، كه‌ ده‌رهه‌ق كورد كردی، سەركەوتنیشی، یەكگرتوویی خەڵك و یەك دەنگی ھێزە سیاسییەكان بوو، كە توانرا لە ماوەیەكی كەمدا زۆربەی خاكی باشووری كوردستان رزگار بكەن و كۆتایی بە حوكمی داگیركەر بێنن.

ساڵێك دوای راپەڕین، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، دەستی كرد بە تاقیكردنەوەی رێگەی دیموكراسی بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەی باشووری كوردستان، لە 19/5/1992، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان بۆ یەكەم جار ئەنجام درا، ئەمەش سەرەڕای ناكۆكی و ھاتنە پێشەوەی بارودۆخی نەخوازراوی ناوخۆ، بەڵام بە دەستكەوتێكی گرنگی كورد لە باشووری كوردستان ئەژمار دەكرێت، چونكە لە مێژوودا یەكەم جارە كورد خاوەن پەرلەمان و حكوومەتی خۆی بێت، لە ماوەی چەند ساڵی خۆبەڕێوەبردنی باشووری كوردستاندا، وەك ھەرێم جگە لە ئەنجامدانی پڕۆژە لە سەرجەم بوارەكاندا، سەركردایەتیی سیاسیی كورد توانیویەتی لە رووی دیپلۆماسی، پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی جیھان بەرفراوان بكات و مافەكانی كورد بە ناوەندە سیاسییەكانی جیھان بگەیەنێت.

ئێستا كە یادی 28 ساڵەی دەستپێكردنی راپەڕین و رزگاركردنی دەڤەری پشدەر و بتوێن دەكرێتەوە، دوای چەند ساڵێك لە ئابڵوقەكانی بەغدا بۆسەر ھەرێمی كوردستان و قەیرانی دارایی. لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانن و چەند ھەنگاوێكیش بۆ بەرەو باشتركردنی دۆخی ئابووری نراوە، ھەروەھا بە بەراورد بە ساڵانی پێشتر، پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لە ئاستێكی باش دایە. بە  بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق لە رووی ئارامی و ئاسایش، ھەرێمی كوردستان سەقامگیرترین ناوچەی عێراقە.

بڕیارە ئەمڕۆ لە یادی 28مین ساڵەی رزگاركردنی دەڤەری راپەڕین، چەند چالاكییەك لە رانیە و قەڵادزێ و شاره‌دێیەكانی ئەو دەڤەرە بەڕێوە بچن.

ھ.م