ڕانیه‌.. دوو مزگه‌وت سه‌كۆی جۆشدانی راپه‌ڕین بوون

"هێشتا گۆڕی ژماره‌یه‌ك له‌ پیاوانی رژێم له‌ گۆڕستانی كێوه‌ره‌شه"
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

مزگەوتی گەورەی ڕانیە لە مێژووی ڕاپەڕینی بەھاری 1991، رۆڵێكی گرنگی لە كۆكردنەوە و ھاندانی خەڵك ھەبووە و بۆتە ھۆكاری کۆبوونەوەی جەماوەری و ھێشتنەوەی سەدان دیل، تەنانەت تەواوی بڕیار و ڕاسپاردەکانی جەماوەر بۆ ڕۆژی ڕاپەڕین، لەو مزگەوتەوە دەردەچوون، لە بەرامبەردا و بە ھۆی ھەڵوەشانەوەی دامەزراوەکانی رژێمی بەعس لە ڕۆژی ڕاپەڕین، مزگەوتی ناجیەخان شوێنی دادگاییکردن و بە سزا گەیاندنی ئەو بەعسی و پیاوانەی ڕژێم بوو، کە دەستیان بە خوێنی خەڵکی سڤیل سوور بوو.

په‌یامنێری كوردستان 24 چۆته‌ مزگەوتی گەورەی ڕانیە، ئەو جێگایەی 28 ساڵ لەمەوبەر، سەرپەرشتی خەڵکی ڕاپەڕیوی لێوە دەکرا و بڵندگۆی مزگەوتەکە ھۆکارێکی کاریگەر بوو، بۆ جۆشدانی جەماوەر و بە سەدان سەربازی دیلکراوی ڕژێم، تاکە شوێنی ھێشتنەوەیان ئەم مزگەوتە بووە.

یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی بەشدار و شایەتحاڵی ڕووداوەکان بووە، دەڵێت: "ئەو سەربازانەی دەستیان لە کوشتن و ئازاردان و سوکایەتیی بە ھاووڵاتیان نەبوو، بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و ڕەوانەی ناو کەسوکاریان کراونەتەوە".

مزگەوتی ناجیەخان جیاواز لە مزگەوتی گەورە، جێگای دادگاییکردن و بە سزا گەیاندنی ئەو بەعسی و پیاو خراپانەی دژێم بوو، کە دەستیان بە خوێنی ھاووڵاتییان سوور بوو و لە ستەم و سووکایەتیكردن بە ھاووڵاتییان، تا ڕۆژی ڕاپەڕین سڵیان نەکردبووه‌وە و کەسوکاری شەھیدان و خەڵکی ستەم لێکراو، ڕۆژی ڕاپەڕین ئەوانەیان بە سزای خۆیان گەیاند.

زۆرینەی ئەو پیاوانەی بەعس، کە ڕۆژی ڕاپەڕین شەڕیان کرد و خەڵکیان شەھید کرد، بە شێوازێکی شەرعی و لەسەر دەستوری ئیسلامی، لە گۆڕستانی کێوەڕەش بە خاک سپێردران .

دوای ئاسایی بوونەوەی ڕەوشەکە، ڕووفاتی بەشێکیان لەلایەن کەسوکاریان گەڕێنرانەوە و ھەندێکیشیان تا ئێستا گۆڕستانی کێوەڕەش دوا مەنزڵیانە.