رانیە یادی 28 ساڵەی راپەڕین دەکاتەوە

چەندین چالاکی بەرێوە دەچن

K24 – رانیە:

لە یادی 28  ساڵەی راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ئاداری ساڵی 1991، لە رانیە چەندین چالاکی بەڕێوە دەچن.

کاتژمێر 9ی بەیانی، لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی راپەڕین، دوای داگیرساندنی پێنج مەشخەڵی ئاگر، وەک ئاماژەیەک بۆ یەکەم رۆژی راپەڕین، تاجەگوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان دانرا و وتاری حکوومەت لە یادی 28 ساڵەی راپەڕین خوێندرایەوە.

وتاری حکوومەت كه‌ لەلایەن هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین خوێندرایەوە، تیایدا هاتبوو: "راستە لە رابردوودا نەتوانراوە بە ئاستی قوربانییەکان، خزمەتی سنوورەکە بکرێ و کەموکوڕی هەبووە، بەڵام کەموکوڕییەکان پەیوەندییان بە بارودۆخ و هۆکاری جیاوازەوە هەبووە و لە داهاتوودا هەموو هەوڵێک دەدرێ، تاکو پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گرنگ لە سنوورەکە جێبەجێ بکرێ".

سەبارەت بە پڕۆژە راوەستاوەکانی سنوورەکەش، کە بەشێکیان بە هۆی قەیرانی داراییەوە چەندین ساڵە وەستاون، هیوا قەرەنی ئاماژەی بەوە کرد: "چەند پڕۆژەیەکمان هەیە، کە پارساڵ بە گوژمەی 50 ملیار دینار بەشێکیان دەستیان پێ کردۆتەوە و چاوەڕێین لە پێکهێنانی کابینەی داهاتوودا پڕۆژەکانی تریش دەست پێ بکەنەوە".

ئەمڕۆ ساڵیادی دەستپێكردنی راپەڕینی خەڵكی كوردستانە دژی رژێمی بەعس، كە توانرا بۆ یەكەم جار زۆربەی خاكی ھەرێمی كوردستان لە دەست رژێمی بەعسی عێراق رزگار بكرێت و كورد لە باشووری كوردستان، بۆ خۆی حوكمڕانیی خۆی بكات.

28 ساڵ لەمەوبەر، لە 5 ئاداری ساڵی1991 راپەڕینی خەڵكی كوردستان دژی رژێمی بەعسی عێراق دەستی پێكرد و لە یەكەم رۆژی راپەڕیندا دەڤەری رانیە و قەڵادزێ رزگار كران و دواتریش نازناوی دەروازەی راپەڕین بەخشرایە ئەو دەڤەرە.

H.J