سه‌رۆك بارزانی: گه‌لی كوردستان ژێردەستەیی قبوڵ ناكات

"ئەگەر كوردستان یەك دەنگ بێت هەمیشە سەركەوتن بەسەر زوڵم و داگیركاریدا مسۆگەر دەبێت"

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك بارزانی، به‌ بۆنه‌ی 28ه‌مین ساڵیادی راپه‌ڕینی ئاداری 1991، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا رایده‌گه‌یه‌نێت، ڕاپەڕین پەیامی ڕوونی كوردستانییان بوو بۆ هەموو جیهان، كە ژێردەستەیی قبوڵ ناكرێت. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئەگەر كوردستان یەك دەنگ بێت، هەمیشە سەركەوتن بەسەر زوڵم و داگیركاریدا مسۆگەر دەبێت.

سه‌رۆك بارزانی، له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌ بۆنه‌كانی مانگی ئادار ده‌كات له‌ مێژووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و رایده‌گه‌یه‌نێت، بەشی زۆری سەركەوتن و وەرچەرخانەكانی مێژووی گەلی كوردستان، لە مانگی ئاداردا ڕوویان داوە.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا، سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، خۆڕاگریی خەڵك و شۆڕش، ڕژێمی عێراقی ناچار كرد، كە لە یازدەی ئاداری 1970ـدا و بۆ یەكەم جار، دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت. بەیاننامەی یازدەی ئادار، بەڵگەیەكی ڕوونە بۆ سەركەوتنی شۆڕشی ڕەوای گەلی كوردستان.

هه‌ر له‌و په‌یامه‌دا، سه‌رۆك بارزانی ده‌شڵێت: "هەر لە مانگی ئاداردا یادی شەهیدانی هەڵەبجە دەكەینەوە. هەڵەبجە برینێكی قووڵە لە جەستەی میللەتەكەمان و نیشانەی دڕندەیی و بێ ویژدانیی دوژمنانە".

سه‌باره‌ت به‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزیش، له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانیدا هاتووه‌: "لە مانگی ئاداردا یادی نەورۆز دەكرێتەوە، كە بۆ گەلی كوردستان سیمبولی سەركەوتنی ژیان و ئازادییە بەسەر ستەم و تاریكیدا. نەورۆز موژدەی نوێبوونەوە و دەستپێكی تازەیە بۆ هاووڵاتییانی كوردستان".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ سه‌رۆك بارزانی بەبۆنەی ڕاپەڕین و یادەكانی ئادار:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ئادار مانگی سەركەوتن و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستانە، بەشی زۆری سەركەوتن و وەرچەرخانەكانی مێژووی گەلی كوردستان لە مانگی ئاداردا ڕوویان داوە. ئادار مانگی ڕاپەڕین و قوربانیدان و نوێبوونەوەی ئومێدە بۆ خەڵكی كوردستان. لە ئاداردا گەلی كوردستان دژی ستەمكاری و داگیركاری وەستایەوە و قۆناغێكی نوێ لە ژیانی سیاسیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان هاتە كایەوە، كە لە ڕاپەڕینە مەزنەكەی ئاداری 1991 بەرجەستە بوو. ڕاپەڕین پەیامی ڕوونی كوردستانییان بوو بۆ هەموو جیهان، كە ژێردەستەیی قبوڵ ناكرێت و ئەگەر كوردستان یەكدەنگ بێت هەمیشە سەركەوتن بەسەر زوڵم و داگیركاریدا مسۆگەر دەبێت.

خۆڕاگریی خەڵك و شۆڕش، ڕژێمی عێراقی ناچار كرد كە لە یازدەی ئاداری 1970ـدا بۆ یەكەم جار دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت. بەیاننامەی یازدەی ئادار، بەڵگەیەكی ڕوونە لە سەركەوتنی شۆڕشی ڕەوای گەلی كوردستان بەرانبەر هەوڵی تواندنەوەی گەلەکەمان و نكۆڵیكاریی داگیركاران. لە یازدەی ئادار  و لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا دوژمن ناچار كرا دەستبەرداری لۆژیكی هێز بێت و ڕێگەی دانوستان بگرێتەبەر.

هەر لە مانگی ئاداردا یادی شەهیدانی هەڵەبجە دەكەینەوە. هەڵەبجە برینێكی قووڵە لە جەستەی میللەتەكەمان و نیشانەی دڕندەیی و بێ ویژدانیی دوژمنانە. هەڵەبجە دەنگی مەزڵوومییەتی گەلی كوردستانە لە سەدەی ڕابردوودا و هەموو مرۆڤایەتی بەرپرسە لە ئاست ئەو تاوانە گەورەیەی دەرهەق گەلی كوردستان كراوە.

لە مانگی ئاداردا یادی نەورۆز دەكرێتەوە، كە بۆ گەلی كوردستان سیمبولی سەركەوتنی ژیان و ئازادییە بەسەر ستەم و تاریكیدا. نەورۆز موژدەی نوێبوونەوە و دەستپێكی تازەیە بۆ هاووڵاتیانی كوردستان.

لە یادی ڕاپەڕین و بۆنەكانی ئاداردا هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین. دەسکەوتەکانی ئێستای گەلەکەمان و پێشکەوتن و ئاوەدانی و پێگەی دیاری هەرێمی کوردستان، هەمووی بەرهەمی خوێنی شەهیدە سەربەرزەكانمانە. لەو یادەدا سڵاو و سوپاس بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان كە لە قۆناغە سەختەكاندا خۆڕاگر بوونە و هەرگیز ستەم و ژێردەستەییان قبوڵ نەكردووە. سڵاو بۆ قارەمانێتیی پێشمەرگە كە بە گیانفیدایی و جوامێریی خۆیان مێژوویان بۆ گەلەكەیان تۆمار كردووە.

مسعود بارزانی

5ـی 3ـی 2019