له‌ باغۆز ئافره‌تێك و 14 منداڵى ديكه‌ى ئێزدى رزگار كران

هه‌سه‌ده‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ رزگاركردنى خه‌ڵكی سڤیلی باغۆز
kurdistan24.net

K24 – باغۆز:

هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات(هه‌سه‌ده‌)، ئافره‌تێك و 14 منداڵى ديكه‌ى ئێزدییان له‌ ده‌ستى داعش رزگار كرد.

په‌يامنێرى كوردستان24 له‌ باغۆز، رايگه‌ياند، هه‌سه‌ده‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ رزگاركردنى خه‌ڵكی سڤیلی باغۆز و ته‌نيا دوێنێ نزيكه‌ى دوو هه‌زار هاووڵاتى له‌ ناوچه‌كه‌ رزگار كراون. كه‌ له‌ ناوياندا ئافره‌تێك و 14 منداڵى ئێزدى هه‌بوون.

يه‌كێك له‌و منداڵه‌ رزگاربووانه‌ بۆ كوردستان24 گوتى: كاتێك داعش هاته‌ شنگال، ئێمه‌ له‌ ماڵ ده‌ركه‌وتين. به‌ڵام ئه‌وان ئێمه‌يان گرت و ژن و پياويان له‌يه‌ك جيا كرده‌وه‌. ئێمه‌يان برده‌ ته‌له‌عفه‌ر و دواتريش بۆ سووريا.

په‌يامنێرى كوردستان24، روونيكرده‌وه‌، ئه‌و ئافره‌ته‌ى رزگار كراوه‌، ناوى "ناديه‌ به‌ره‌كات قاسم"ه‌ و 14 منداڵه‌كه‌ش له‌ لايه‌ن هه‌سه‌ده‌وه‌ گواسترانه‌وه‌ بۆ عامودا تا له‌وێوه‌ ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكرێنه‌وه‌ و راده‌ستى خێزانه‌كانيان بكرێن.

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا، هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات، 23 منداڵ و ئافره‌تى ديكه‌ى ئێزدى شنگالیان له‌ باغوز رزگار كرد.

ئ.ڕ