حاجی ئۆمه‌ران.. رۆژانه هه‌زار گه‌شتیار دێنه هه‌رێمی كوردستان
K24 - حاجی ئۆمه‌ران:
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕیاری دا باج له‌سه‌ر هاووڵاتییانی ئێرانی و رۆژهه‌ڵات هه‌ڵبگرێت، كه له ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه دێنه هه‌رێمی كوردستان.
موقه‌ده‌م زرار حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری نشینگه و پاسپۆرتی ده‌روازه سنوورییه‌كه، به كوردستان 24ی راگه‌یاند، به بڕیاری وه‌زیری ناوخۆ، له 15ی ئادار، تاكو 25ی ئاداری 2019، باج له‌سه‌ر گه‌شتیارانی ئێرانی هه‌ڵگیراوه، كه بڕه‌كه‌ی 25 هه‌زار دیناره و ده‌كاته 260 هه‌زار تمه‌نی ئێرانی.
روونیشی كرده‌وه، له‌و ماوه‌یه‌دا، كه تا 25ی ئادار ده‌خایه‌نێت، ئه‌و بڕیاره هه‌موو گه‌شتیاره‌كان ده‌گرێته‌وه.
ئاشكراشی كرد، به هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه هاتنی گه‌شتیار به رێژه‌ی 15% زیادی كردووه و ئێستا رۆژانه هه‌زار گه‌شتیار له حاجی ئۆمه‌رانه‌وه دێنه هه‌رێمی كوردستان.
پێشبینیشی كرد، له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی نه‌ورۆز، رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیاران زیاتر بێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر لایه‌نی ئێران باج له‌سه‌ر گه‌شتیارانی خۆی هه‌ڵبگرێت، رێژه‌كه‌ی دوو هێنده زیاتر ده‌بێت.
به گوێره‌ی بڕیارێك، ئێران باجی خستۆته سه‌ر هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی له كاتی گه‌شتكردندا، بۆ گه‌شتی یه‌كه‌م بڕی 320 هه‌زار تمه‌ن، گه‌شتی دووه‌م 330 هه‌زار تمه‌ن و گه‌شتی سێیه‌میش 420 هه‌زار تمه‌نیان وه‌كو باج لێ وه‌رده‌گرێت.
ئ. م