ئه‌ردۆغان: ئه‌وروپا ده‌یه‌وێت توركیا راده‌ستی گرووپه "تیرۆریستییه‌كان" ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا له بایه‌خی بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌وروپای له‌باره‌ی راگرتنی دانووستانی به ئه‌ندامبوونی توركیا له یه‌كێتییه‌كه كه‌مده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: "ئه‌نقه‌ره بڕیارێكی په‌یوه‌ست به‌و پرسه به بایه‌خه‌وه نابینێ".
ئه‌ردۆغان له وتارێكی جه‌ماوه‌ریدا له ئیزمیر گووتی: "با یه‌كێتی ئه‌وروپا دانووستانه‌كانی به ئه‌ندامبوونی توركیا له یه‌كێتییه‌كه رابگرێت ئه‌گه‌ر ده‌توانێ، ئێمه ئاماده‌ین و چاوه‌ڕوانین، به‌ڵام ئه‌وان ناتوانن ئه‌و كاره بكه‌ن و بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌وروپاش لای ئێمه هیچ قورسایی و بایه‌خێكی نییه".
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ئاژانسی ئه‌نادۆڵو، سه‌رۆك كۆماری توركیا ره‌خنه‌ی له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا گرت و گووتی: "په‌رله‌مانی ئه‌وروپا كاتێك ھێرش ده‌كاته سه‌ر توركیا، پشتی به پڕوپاگه‌نده‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه" و گرووپی تیرۆریستی گوله‌نییه‌كان به‌ستووه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "دڵنیاین له‌وه‌ی ئه‌وان یه‌ك خوله‌ك سڵ له‌وه ناكه‌نه‌وه ئه‌م وڵاته راده‌ستی رێكخراوه "تیرۆریستییه‌كان" بكه‌ن ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تیان بۆ بڕه‌خسێت".