داوای ھەڵگرتنی پەرژینی كەمپی ئاوارەكان دەكرێت

بەشێک لە رێکخراوەکان پاڵپشتی لادانی پەرژینەکە دەکەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە پەرژینی دەوری کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران لە کوردستان هەڵبگرێت، بەشێک لە رێکخراوەکان پاڵپشتی لادانی پەرژینەکە دەکەن و بە هەنگاوێک بۆ ئازادی زیاتری دەزانن، هاوکات دکتۆر تاریق نووری، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی ھەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند "دەکرێ دۆخی ئاوارەکان گۆڕانکاری بەسەردابێت، بەڵام لابردنی ئەو پەرژینە هەرگیز روونادات، چونکە مەترسی ئەمنی دروستدەکات و وادەکات بە ئەستەم کۆنترۆڵ بکرێت".

رۆژانە دەیان خێزان لە مووسڵ و ناوچە تازە ئازادکراوەکانی کە پێشتر لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرابوون دەگەڕێنەوەو کەمپەکان و ئاوارەیی هەڵدەبژێرن.

كەمپەكان تەلبەندکراوە و جگە لە تێپەڕینی شەو و رۆژ هیچی دی نییە، ئەمە بیانووی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و رێکخراوە هاوکاریخوازەکان بووە تا داوای لادانی پەرژینی دەوری کەمپەکان بکەن، وەک سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەڵێ "گەر ئەو کارە بکرێ ئاوارەکان لەڕووی دەروونیشەوە ئاسوودەتر دەبن".

مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە وەك دەزگای خێرخوازی بارزانی كە ئیدارەی ئەو كەمپانە دەدەین ھەر ئاسانكارییەك بكرێت بۆ ئاوارەكان پێمان خۆشە، ھەبوونی بەرژین بە دەوری كەمپەكان ئەگەر لە ھەموو رووێكەوە ئاسایی بێت لە رووی دەروونییەوە ئاسایی نییە، بەڵام ئەوەی بڕیار لەو بابەتە دەدات لایەنی ئەمنییە لە ھەرێمی كوردستان".

لەوبارەوە تاریق نووری، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "بیرۆكەی ئەوە ھەیە ھەر ماڵێكی ئاوارە بیەوێت لە كەمپ بچێتە دەرەوە خانوویان بۆ دروست بكرێت، بەڵام لە رووی ئەمنییەوە كەمپ دەبێ پەرژینی ھەر ھەبێت".

ھ.م