ھەزار سەربازی پێشووی سوپای عێراق مان دەگرن
K24 - بەغدا
شڤان جەباری، پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "نزیكەی ھەزار ئەفسەر و سەرباز داوای گەڕانەوە بۆ ریزەكانی سوپای عێراق دەكەن".
گوتیشی: "ئەو ئەفسەر و سەربازانە لە شەڕی داعش ریزەكانی سوپای عێراقیان جێھشتبوو، ئێستا وەك داواكاری بۆ گەڕانەوەیان 10 رۆژە لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا مانیان گرتووە و دروشم دژی حكوومەت دەڵێنەوە".
سەربازێكی مانگرتوو لەناو خۆپیشاندەران بە كوردستان24 گوت: "من یەكێكم لەو كەسانەی لە شەڕی داعش برینداربووم و ئێستا سوپا وەك سەرباز وەرمان ناگرێتەوە، چەندین جار داوامان كردووە دەمانەوێت بگەڕێینەوە ریزەكانی سوپا، بەڵام حكوومەت بێ باكە لە ئاست داواكەمان، بۆیە ماوەی 10 رۆژە لێرە مانمان گرتووە".
ژمارەی ئەو سەربازانەی كە لە ماوەی شەڕی داعش ریزەكانی سوپای عێراقیان جێھێشتووە 10 ھەزار كەس دەبن. لە ساڵی 2015وە بەپێی پڕۆژەیەك لە پەرلەمانی عێراق لێخۆشبوون بۆ ئەو سەربازانە دەرچووە كە بگەڕێنەوە ریزەكانی سوپای عێراق، لە ساڵی 2018 جارێكی دیكە ئەو پڕۆژەیە ھێنرایەوە پەرلەمان و جارێكی خوێندنەوەی بۆكراوە.
ھ،م