"ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری شنگال": ده‌وڵه‌تی عێراق بیركردنه‌وه‌ی نه‌گۆڕاوه
K24 – شنگال:
"ئه‌نجوومه‌نی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری شنگال"، ئه‌مڕۆ له به‌یاننامه‌یه‌كدا، ورده‌كاری رووداوی پێكدادانی نێوان "یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال – یه‌به‌شه" و هێزێكی سوپای عێراقی خسته‌ڕوو.
له به‌یاننامه‌كه‌دا، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه، ئه‌نجوومه‌نه‌كه، هێرشی سوپای عێراقی بۆ سه‌ر "یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال - یه‌به‌شه" "ئیدانه" كرد.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: "وه‌ك ده‌زانین حكومه‌تی عێراق ئه‌ركی به‌رپرسیارێتی خۆی له هه‌مبه‌ر منداڵ و ژنانی ئێزیدخان رانه‌په‌ڕاند. به جێی هێشتن، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه قوربانی ده‌ستی داعش. ئه‌مڕۆش ده‌بینین هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی؛ له بری ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌ركه‌كانیان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م "گه‌له" بكه‌نه‌وه".
ئه‌نجوومه‌نه‌كه، سوپای عێراقی به‌وه تۆمه‌تبار كردووه، كه له نیسانی 2018ه‌وه، گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناوچه‌كه، "كرده‌ی دوژمنكارانه دژی خه‌ڵكی شنگال ئه‌نجام ده‌دات. سنووری له‌سه‌ر به‌رته‌نگ كردوونه‌ته‌وه. گه‌مارۆی داوون".
هه‌روه‌ها هاتووه: "دوای هاتنی سوپای عێراق بۆ شنگال، هیچ پێشكه‌وتنێكی ئه‌رێنی له ناوچه‌كه رووی نه‌داوه. حكومه‌تی عێراق ئه‌و تاكه ده‌روازه‌یه‌شی داخستووه، كه خه‌ڵكی شنگال هه‌ناسه‌ی لێوه ده‌دات. ئه‌وه‌ش ده‌روازه‌ی مرۆیی سه‌ر سنووری سووریا بوو، كه له رێگه‌یه‌وه هه‌زاران ئێزدی له ده‌ستی داعش رزگار كران".
ئه‌نجوومه‌نه‌كه راشیگه‌یاندووه، "به داخه‌وه سوپای عێراق، ئه‌و تاكه ده‌روازه‌یه‌ی داخستووه، كه ده‌رچه‌ی خه‌ڵكی شنگال بوو. هه‌روه‌ها ئاسته‌نگ له به‌رده‌م هاتنه‌وه‌ی ئه‌و منداڵ و ژنه ئێزدییانه درووست ده‌كات، كه له سووریا له ده‌ستی داعش رزگار ده‌كرێن. رێگه نادات دووباره بگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان. هه‌موو جارێك حكومه‌تی عێراق گرفت له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی شنگالییه‌كان درووست ده‌كات".
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه: "ده‌وڵه‌تی عێراق بیركردنه‌وه‌ی نه‌گۆڕاوه. هێشتا ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزدی بگێڕێته‌وه بۆ پێش كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی شنگال به ده‌ستی داعش. ئه‌مه‌ش له‌وه‌دا ده‌ركه‌وت، كه شاندێك به سه‌رۆكایه‌تی فالح فه‌یاز هات بۆ ئه‌وه‌ی رای خۆی به‌سه‌ر هێزه‌كانمان له شنگال بسه‌پێنێت. ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی، كه ده‌وڵه‌تی عێراق هێشتا له رووی سیاسی و به‌رگرییه‌وه بۆچوون و بیركردنه‌وه‌ی نه‌گۆڕاوه. به‌غدا ده‌یه‌وێت زاڵ بێت به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌كه‌ماندا. ملكه‌چی بكات. وه‌ك ئه‌وه‌ی له پێش سه‌رده‌می كۆمه‌ڵكوژییه‌كه هه‌بووه".
له كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شدا هاتووه، "ئێمه وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری دیموكراتی له شنگال به توندی ئیدانه‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی سوپای عێراق ده‌كه‌ین. داوا له گه‌له‌كه‌مان ده‌كه‌ین له به‌رامبه‌ر ئه‌و پیلانانه بوه‌ستنه‌وه، كه ئامانجیان له‌ناوبردنی ئیراده‌ی ئازادانه‌مانه".
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مڕۆ سوپای عێراق هۆشداری لە جموجۆڵی سەربازی هێزەکانی یەبەشەی لە شنگال دا.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، "نەجم جبووری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، فەرماندەی فیرقەی 15 و چەند فەرماندەیەکی دیکەی سوپای عێراق، کە لە بەغداوە هاتوونەتە شنگال، لەسەر شەڕەکەی دوێنیی نێوان هێزەکانی یەبەشە و سوپای عێراق لەگەڵ هێزەکانی یەبەشە کۆبوونەوە".
بە گوێره‌ی زانیارییەکانی پەیامنێرمان "لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندە عێراقییەکان داوایان لە یەبەشە کردووە، نابێت بە هیچ شێوەیەک سنووری نێوان عێراق و سووریا، کە لە ژێر کۆنترۆڵی یەبەشە دایه بکرێتەوە و نابێت هیچ كێشه و ئاسته‌نگ بۆ جموجۆڵه سەربازییه‌كانی سوپای عێراق درووست بکەن".
هەروەها "نه‌جم جبوری" بە هێزەکانی "یەبەشە"ی راگەیاندووە، لە ئەگەری پابەند نەبوونیان بە رێنماییەکان؛ ئەوا دەبێت هێزەکانیان ئەو سنوورە چۆڵ بکەن.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو شەڕ لە نێوان یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و سوپای عێراق لە سنووری شنگال روویداوە. بەپێی زانیارییەكان دوو سەربازی عێراق كوژراون و ژمارەیەكی دیكەش لە ھەردوولا بریندار بوون.
"ئه‌نجوومه‌نی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوبه‌ری شنگال"، ئه‌نجوومه‌نێكی دان پێدا نه‌نراوه. گرووپ و هێزه‌كانی لایه‌نگری پارتی كرێكارانی كوردستان له شنگال درووستیان كردووه. رێگری ده‌كه‌ن له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیداره‌ی یاسایی ناوچه‌كه. هه‌ریه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا و حكومه‌تی به‌غدا، ره‌تیانكردووه‌ته‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌دا بكه‌ن. رایانگه‌یاندووه، ته‌نیا ئیداره‌ی شه‌رعی شنگال، به ره‌سمی ده‌ناسن و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.
ئ.ڕ