ئێران بەدوای بازاڕی نوێدا دەگەڕێت

"لەبەرامبەر كاڵاكانی لە عێراق دۆلار وەردەگرێت"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/f074efbb-361c-4655-85c4-4db9c0a40877/031819DER.ism/manifest

K24 - ھەولێر

وەك ھەوڵێك بۆ دەربازبوون لە سزاكانی ئەمەریكا، ئێران ھەموو ھەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی بەدوای بازاڕی نوێدا بگەڕێت، تاوەكو بەرھەمەكانی تێدا ساخبكاتەوە.

عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆربەی كەلوپەل و كاڵاكانی ئێران ھاوردە دەكات و چەندین دەروازەی فەرمی و نافەرمی لەنێوان تاران و بەغدا ھەن.

باسم ئینتوان، شارەزا لە بواری دارایی رایگەیاند: "ھەمووان دەزانین كە ئێران بەھۆی سزاكانی ئەمریكاوە، رووبەڕووی ئاستەنگییەكی یەكجار زۆری ئابووری بووەتەوە، ئامانجی ئێران ئەوەیە كە بەرھەمەكانی لە بازاڕەكانی نزیك لەخۆی ساخبكاتەوە، وەك بازاڕی عێراق، چونكە ھەر لەگەڵ ھاتنە ژوورەوەی بەرھەمەكانی، بەشێوەی یاسایی بێت یان نایاسایی، ئەوە دۆلار وەردەگرێت لە بەرامبەری، ئێمەی عێراقییەكان پێویستیمان بەوەیە ئابوورییەكی ناوخۆیی پتەو دروستبكەین بە بەرھەمی خۆمان، نەك بەرھەمی دەرەكی بازاڕمان پڕبكاتەوە".

ھەر پەیوەست بەو بابەتە عەلی عەجلان، یەكێكە لە خاوەن فرۆشگاكان لە بەغدا ئەو دەڵێ: "سەردانەكەی ئەم دواییەی حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ عێراق، رێگەخۆشكەرێك بوو بۆ ئەوەی پەرە بە سەرجەم بوارەكان بدرێت، كاری بازرگانی فراوانتر ئەنجامدەدرێت و باجی گومرگی سەر كاڵاكان كەمدەكرێتەوە، ئەوەش ھۆكارێكە بۆ زیادبوونی ئالوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوولا، دەتوانم بڵێم كە ئەو خواستەی لەسەر كەلوپەلی ئێرانی ھەیە لە بازاڕەكاندا، لەسەر بەرھەمی چینی و توركی و ئەوروپی نییە".

 ھ،م