نزیكەی 100 ھەزار گەشتیار سەردانی سنووری سلێمانیان كردووە
"نەخشەی ناوچە گەشتیارییەكان بەسەر گەشیاران دابەش دەكرێت"
K24 - سلێمانی
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان لە چەند رۆژی رابردوودا نزیكەی 100 ھەزار گەشتیار بۆ جەژنی نەورۆز روویان لە سنووری پارێزگای سلێمانی كردووە.
عەلی رەئوف، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە كوردستان24 راگەیاند: "بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان نزیكەی 100 ھەزار گەشتیار سەردانی سنووری پارێزگای سلێمانیان كردووە".
گوتیشی: "ئەو رسوماتەی كە لە دەروازە سنوورییەكانی ئێران ھەڵگیراوە، كاریگەری ھەبووە لەسەر ھاتنی گەشتیاران لە وڵاتی ئێرانەوە بۆ شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان".
ئاماژەی بەوەشدا: "بەگوێرەی ئەو پلانەی بۆ جەژنی نەورۆز دانرابوو كار كراوە و لە بازگە و شوێنە گشتییەكان كیسی زبڵ و نەخشەی ناوچە گەشتیارییەكان بەسەر گەشتیاران دابەش كراوە".
ھ.م