به‌غدا وردبینی له‌ ژماره‌ و ئه‌ركی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات

"كاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و واشنتن ده‌بێت"

K24 - هه‌ولێر:

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند: "حکوومەت لیژنەیەکی بۆ ئەنجامدانی وردبینی لە ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا و کارەکانیان لە عێراق پێکهێناوە و فاڵح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەرپەرشتی لیژنەکە دەکات".

 بە بڕوای چاودێرانی سیاسیش، دیاریکردنی فالح فەیاز، بۆ سەرۆکایەتیکردنی لیژنه‌كه‌، پەیوەندی بە کێشەکانی نێوان تاران و واشنتن هەیە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتنیش دروست دەکات.

هەرچەندە بڕیار بوو لە کۆتایی ئەم مانگەدا پڕۆژەیاسای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لەلایەن هاوپەیمانێتییەکانی سائیرون و فەتح، پێشکەشی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بکرێت، بەڵام بە هۆی بەدەنگەوەنەهاتنی حکوومەت، پێدەچێت پڕۆژەیاساکە بۆ کاتێکی دیکە دوا بخرێت، پەرلەمانتارێکیش ئاماژە بەوە دەدات، لیژنەیەکی حکوومی بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر هێزەکانی ئەمریکا، پێکهێنراوە.

محەممەد بەلداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاند: "حکوومەت لیژنەیەکی بۆ ئەنجامدانی وردبینی لە ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا و کارەکانیان لە عێراق پێکهێناوە و فاڵح فەیاز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەرپەرشتیی لیژنەکە دەکات.

فالح فەیاز، بە یەکێک لە نزیکەکانی ئێران دادەندرێت و لە کابینەی حکوومەتدا بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆی عێراق کاندید کراوە، سەرەڕای هەوڵەکانی هاوپەیمانیی چاکسازی، بەڵام بە هۆی پێداگیرییەکانی تاران لەسەر کاندیدبوونی، تاوەکو ئێستا لایەنەکان نەیانتوانیوە لە کاندیدی دووری بخەنەوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت سەرۆکایەتیکردنی لیژنەکە لەلایەن فالح فەیازەوە، راستەوخۆ پەیوەندی بە کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتنه‌وه‌ هەبێت، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن دروست دەکات.

سەبارەت بە دەرکردنی بڕیارێک لەبارەی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا، بۆ دەرکردنی بڕیارێک لە پەرلەمانی عێراق، چاوەڕوانی راپۆرتی لیژنەکە دەکەن.

له‌پاش سه‌ردانه‌ له‌ ناكاوه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ عێراق، پرسی ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌مه‌ریكا له‌ عێراق به‌ گه‌رمی باس ده‌كرێت و زۆرینه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، كه‌ ئێران كاریگه‌ری له‌سه‌ریان هه‌یه‌، له‌ هه‌وڵ دان به‌ پڕۆژه‌ بڕیارێك سه‌ربازه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان بكه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، یان ئه‌رك و ژماره‌یان له‌ عێراق سنووردار بكرێت.

ئاماده‌كرن: كارزان قادر