"ئیكاردی بۆ یه‌كه‌مجار قسه‌ی ژنه‌كه‌ی شكاند"

میدیایه‌كی ئیتاڵیا: ئیكاردی به‌هۆی ژنه‌كه‌یه‌وه‌ سه‌ری لێشێواوه‌

ماورۆ ئیکاردی هێرشبه‌ری ئارجێنتینا جارێکی دیکە گەڕایەوە و بەشداری راهێنانەکانی یانەکەی کرد، میدیایه‌كی ئیتاڵیاش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ئیكاردی به‌هۆی ژنه‌كه‌یه‌وه‌ سه‌ری لێشێواوه‌.

گۆڵکارە ئارجێنتینیاییەکەی ئینتەر میلان دوای یارییەکەی بەرامبەر پارما لە ناوەراستی مانگی شووباتی رابردوو بەشداری هیچ یارییەکی یانەکەی نەکرد و دوای 40 رۆژ جارێکی دیکە گەڕایەوە و دەستی بە راهێنانەکانی کردەوە.

ئەم یاریزانە سەرەتا بە هۆی پێکان و دواتریش بە هۆی لێسەندنەوەی نیشانەی کاپتنی بریاریدا بەشداری راهێنانەکانی یانەکەی نەکات، هەرچەندە هەفتەی رابردوو بە تەنیا دەستی بە راهێنانەکان کردەوە، بەڵام دوێنێ دوای زیاتر لە یەک مانگ بەشداری راهێنانە بە کۆمەڵەکانی کردەوە.

رۆژنامه‌ی لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵیا، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی ماورۆ ئیكاردی له‌ژێر ده‌ستی واندا نارای خێزانه‌كه‌یه‌تی كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئیكاردیشه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ واندا نارا هۆكار بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئیكاردی بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ یه‌ك مانگ له‌ ئینته‌ر میلان دووربكه‌وێته‌وه‌ و پێداگیری كردووه‌ كه‌ پێویسته‌ ئیكاردی بۆ مه‌شقه‌كان نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه‌ بڕیارێكی تاكلایه‌نانه‌ی داوه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ مه‌شقه‌كانی ئینته‌ر میلان.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، به‌رپرسانی ئینته‌ر میلان زۆر له‌ واندا نارای به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئیكاردی توڕه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ نهێنی مامه‌ڵه‌ی رۆیشتنی ئیكاردی بۆ یانه‌ی ریال مه‌درید كردووه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، واندا نارای ته‌مه‌ن 32 ساڵ كه‌ به‌ 6 ساڵ له‌ ئیكاردی گه‌وره‌تره‌ و وه‌ك منداڵێك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئیكاردی ده‌كات و به‌ كه‌یفی خۆی بڕیاره‌كانی به‌سه‌ر جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ئیكاردی خۆی بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی دا و قسه‌ی خێزانه‌كه‌ی شكاند.

تۆری هەواڵی سکای سپۆرتیش بڵاویکردۆتەوە گۆڵکارەکەی نێراتزۆری پێشبینی دەکرێت یاری داهاتووی یانەکەی لە سێریائەی بەرامبەر لازیۆ بەشداری بکات.