زێدان لیستێكی كڕینی یاریزانانی داوه‌ته‌ پێرێز

پێرێز له‌ پێناو گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانانه‌ ده‌رگای خه‌زێنه‌كه‌ی بۆ زیزۆ ده‌كاته‌وه‌

ریال مەدرید ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو لە کڕینی یاریزانان لە بازاڕی گواستنەوە ریکۆردی پێشووی خۆی بشکێنێت، کە 10 ساڵ لەمەوبەر مێرێنگی زیاتر لە 255 ملیۆن یۆرۆی لە کڕینی یاریزانان خەرج کرد و پێشبینی دەکرێت ریال مەدرید لە نێوان هازارد و مباپێ یەکێکیان بگوازێتەوە ریزەکانی بۆ ئەوەی بیکاتە جێنشینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ.

هاوینێکی گرنگ و گەرم چاوەڕێی فلۆرێنتینۆ پێرێز دەکات، زیدان و هاندەرانی ریال مەدرید چاوەڕێ دەکەن سەرۆکی یانەکەیان گەنجینەکەی یانەکەیان بۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی یاریزانان ریکۆرد تۆمار بکەن.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیا ئاشکرای کردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز دەیەوێت ریکۆردی وەرزی 2009 ـ 2010 بشکێنێت و بە چەند گرێبەستێکی گرانبەها یانەکەی رێکبخاتەوە و بۆ وەرزی نوێ ئامادەیان بکات.

هاوینی 2010 ریال مەدرید بە هێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ریکاردۆ کاکا، جابی ئەلۆنسۆ و کەریم بێنزێما زیاتر لە ٢٥٥ ملیۆن یۆرۆی لە کڕینی ئەستێرەکان خەرجکرد و زۆرترین پارەی لە مێژووی یانەکە خەرجکرد.

فلۆرێنتینۆ پێرێز لە ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتیکردنی ریال مەدریددا، لەوەتەی ساڵی 2009 زیاتر لە ملیارێک و دوو سەد هەزار دۆلاری لە کڕینی 49 یاریزان خەرجکردووە، کە ئیدێر مێلیتاوی بەرگریکاری پۆرتۆ نوێترین گرێبەستی پێرێزە و بەرامبەر 50 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات.

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرای کردووە، زیدان لیستێکی داوەتە پێرێز و داوای چەند یاریزانێکی ئەستێرەی لە سەرۆکی یانەکەی کردووە، کە بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاکان سادیۆ مانێ، پۆل پۆگبا، ئێدین هازارد و کیلیان مباپێ بەشێکن لەو یاریزانانەی كه‌ ده‌نگۆ هەیە ریال مەدرید هاوینی داهاتوو هەوڵی کڕینیان بدات.

چاوەڕێ دەکرێت ریال مەدرید لە نێوان هازارد و مباپێ یەکێکیان هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی بیکاتە جێنشینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سەرکردەی تیپەکەی، بەڵام پاریس سانجێرمان رەتیدەکاتەوە رێگا بە رۆیشتنی مباپێ بدات، چێڵسیش بەهۆی سزادرانی لەلایەن فیفاوە ناتوانێت یاریزانی نوێ بکڕێت، بۆیە ئەستەمە وابەئاسانی گڵۆپی سەوز بۆ هازارد هەڵ بکات، کە ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ زیدان ‌حەز دەکەن بەیەکەوە کار بکەن.