موسلیم: توركیا بەشێكە لە كێشەكانی سووریا

"لێدوانەكانی ئەردۆغان پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنە"
kurdistan24.net

K24 - قامیشلۆ

دەربارەی لێدوانەكانی سەرۆك كۆماری توركیا، كە رایگەیاندبوو، توركیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی سووریا، لە دانوستاندایە، لە رۆژئاوای كوردستان مشتومڕی جیاواز دروست بووە، ساڵح موسلیم، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) رایگەیاند، توركیا بەشێك لە كێشەكانە و نەك چارەسەر.

ساڵح موسلیم، بە كوردستان24 گوت: "ماوەی 7 ساڵە توركیا بووەتە ئاستەنگ بۆ چارەسەری كێشەی سیاسی سووریا. ھیوادارین گەلی كورد و تورك بەو جۆرە لێدوانانە باوەڕنەكەن".

ھەر پەیوەست بە لێدوانەكانی ئەردۆغان ساڵح گەدۆ، سكرتێری پارتی چەپی كورد لە سووریا دەڵێ: "لێدوانەكانی ئەردۆغان تەنھا پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنە، ئەگەرنا توركیا ناتوانێت كێشەی سووریا چارەسەر بكات، بەڵكو كێشەی سووریا بە رێككەوتنی ئەمەریكا و رووسیا چارەسەر دەكرێت".

ھ.م