ده‌ریاچه‌ی دوكان ده‌یان پڕۆژه‌ و خانوو ژێرئاو ده‌خات

ئاستی ئاوی ده‌ریاچه‌ی دوكان به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - دوكان

ئەو خانوو و باخ و پڕۆژانەی لە چەندین ساڵی رابردوو، ھاووڵاتیان لە دەربەندی رانیە و دەشتی بیتوێن بونیاتیان ناوە، لەگەڵ بەرز بوونەوەی ئاو لەدەریاچەی دوکان بەشێکیان بە تەواوی ژێرئاو كه‌وتن.

لە پشدەر بەھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە ستونەکانی کارەبای چەندین گوند ژێر ئاو کەوتووە و کارەبا بڕاوە.

تادێ ئاستی ئاو بەنداوی دوکان بەرز دەبێتەوە، لەگەڵ ھەر بەرزبوونەوەی ئاو لە بەنداوەكە زیاتر پڕۆژە و خانوو و باخی ھاووڵاتیان لەدەروروبەی بەنداوی دوكان ژێر ئاو دەکەون.

بەرز بوونەوەی ئاو بەو رادەیەی ئێستا بۆ ھاووڵاتیان پێشبینی نەکراو بووە، ھەر بۆیە سەدان پڕۆژە و خانوو و باخ و ڤێلا لەچەند ساڵی رابردوو لەو ناوچانە بونیات نراون کە لە سنووری بەنداوەكە ئێستا بەشێکی زۆریان بە تەواوی ژێر ئاو کەوتوون.

ئاوی بەنداوی دوكان نەک پڕۆژەکانی ھاووڵاتیان، بەڵکو پڕۆژەکانی حکوومەتیشی داپۆشیووە، بەرزبوونەوەی کەمێکی دیکەی ئاو رەنگە تەواوی ئەو ستونە کارەباییانە بەژێرەوە بکات کە کارەبای نیشتمانی بۆ تەواوی گوندەکانی بناری ئاسۆس دابین دەکات، بەھۆی مەترسی نزیکبوونەوەی تەلەکانی کارەبا، حکوومەت کارەبای نیشتمانی لەو گوندانە بڕیووە و ئێستا بێ کارەبا ماونەتەوە.

ھ.م